فازڵ میرانی: پێویستە سەقفێکی زەمەنی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ دیاری بکرێت

 فازڵ میرانی: پێویستە سەقفێکی زەمەنی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ دیاری بکرێت
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی ڕایگەیاند، لیژنەکانی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری باشیان کردووە و تەنیا یەک گرفت ھەیە، ئەگەر چارەسەر بکرێت ھیچ کێشەیەک نامینێت و دەگەنە ڕێککەوتن، ئەویش ئەوەیە کە کێشەکانی بەغدا چارە بکرێن، ئینجا ھەرێمی کوردستان، یان بە پێچەوانەوە، کێشەکانی ھەرێم چارەسەر بکەین و دواتر بچینەوە بەغدا.

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەو لیژنانەی بۆ پێکھێنانی حکوومەت دروست کراون کاری باشیان کردووە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە نەگەیشتوونەتە بڕیاری کۆتایی و یەک گرفت لە دانوستانەکاندا ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە کێشەکانی بەغدا چارە بکرێن، ئینجا ھەرێمی کوردستان، یان بە پێچەوانەوە، کێشەکانی ھەرێم چارەسەر بکەین و دواتر بچینەوە بەغدا، بۆیە ئەگەر ئەمە چارەسەر بێت، ئیدی ھیچ کێشەیەک نامینێت."

فازڵ میرانی گوتیشی: "پێویستە سەقفێکی زەمەنی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ دیاری بکرێت، چونکە نابێت بە کراوەیی بەجێ بھێڵدرێت و میللەتیش ئەمە قبووڵ ناکات، لەبەر ئەوەی ٢٣٠ ڕۆژە ھەڵبژاردن کراوە."

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەش کرد: "ھیوادارین پێش ئەوەی بگەینە نەورۆز کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک بێت."











باسنيوز
Top