دەیان كەناڵی تەلەڤزیۆنی لە هەرێمی كوردستان دادەخرێن

 دەیان كەناڵی تەلەڤزیۆنی لە هەرێمی كوردستان دادەخرێن
حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەخشی دەیان كەناڵی ناوخۆیی بەهۆی نوێ نەكردنەوەی مۆڵەتەكانیان رادەگرێت.

محەمەد گەردی بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رايگەیاند، چەند كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی دادەخرێن و پەخشیان رادەگیرێت، گوتی: "بەهۆی نوێ نەكردنەوەی مۆڵەتەكانیان 24 كەناڵی تەلەڤزیۆنی لۆكاڵی لە هەولێر، دهۆك و سلێمانی دادەخرێن و فەرمانەكەش دەرچووە".

جەختیشی كردەوە، لە نێو ئەو كەناڵانە كەناڵی ئاسمانی نییە، بەڵام كەناڵی جۆراوجۆری لۆكاڵی هەیە و پابەند نەبوونە بە نوێكردنەوەی مۆڵەتەكانیان، تاوەكو مۆڵەت نوێ نەكەنەوە پەخشیان ناكرێتەوە.

ئەمڕۆ بەفەرمی ئەو كەناڵانە لە رێگەی كۆمپانیاكانی پەخشی تەلەڤزیۆنە ناوخۆییەكان پەخشەكانیان رادەگیرێت، تا ئەوكاتەی مۆڵەتەكانیان نوێ دەكەنەوە.

لە هەرێمی کوردستاندا 160 رادیۆ، 105 تەلەڤزیۆنی ناوخۆیی و 38 تەلەڤزیۆنی ئاسمانی هەن. نزیکەی 3 ملیار دیناری حكوومەتی هەرێمی كوردستان قەرزارن و بەشێكیشیان چەند ساڵێكە مۆڵەتیان نوێ نەكردووەتەوە.












باسنيوز
Top