بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ نرخی ئۆتۆمبێلی تاکسی دادەبەزێنێت
کاروان محەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، ڕايگەیاند، دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی تاکسییەوە، سبەی کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لەنێوان ھاتوچۆی سلێمانی و سەندیکای گواستنەوە و بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی سلێمانی و بەشەکانی مۆڵەت و کرێ بەڕێوە دەچێت.
ڕوونیشی کردەوە کە کۆبوونەوەکەیان بە مەبەستی تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکەیە.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ بۆتە ھۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی جۆری تاکسی و لە ئەنجامیشدا نرخەکەی دابەزیوە. لەمبارەیەوە ھێمن مەحموود، فرۆشیاری ئۆتۆمبێلی تاکسی لە پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە شاری سلێمانی ڕايگەیاند: "دوای ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ کە بەھۆیەوە ڕێگە نادرێت کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان کاری تاکسی بکەن، ئێستا بازاڕی فرۆشتنی تاکسی لاواز بووە، بەجۆرێک بۆ ھەر تاکسییەک بڕی 400 بۆ 500 دۆلار دابەزیوە".
ڕوونیشی کردەوە کە ڕەنگە بڕیارەکە بۆ ئەوانە ”باش“ بێت کە بەشێوەیەکی ھەمیشەیی کاری تاکسی دەکەن، بەڵام ”ئەو بڕیارە زیان بە ئێمەی پێشانگاکانی فرۆشتنی تاکسی دەگەیەنێت، چونکە پێشتر بەشێکی ئەو کەسانەی تاکسییان دەکڕی، کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بوون، بێگومان دەرکردنی ئەو بڕیارە کاردەکاتە سەر فرۆشتنی تاکسی لە پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل".
باسنيوز
