تا ئێستا ٥٠٠ گوند لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پەکەکەوە ”دەستیان بەسەردا گیراوە

تا  ئێستا ٥٠٠ گوند لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پەکەکەوە ”دەستیان بەسەردا گیراوە


چاودێرێکی سیاسی داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات، چیتر کارێک نەکات کە بەهۆیەوە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ببنە قوربانی.



نازم ھەرکی، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان و چاودێری سیاسی ڕاگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەپەکە) لە دەستپێکەوە تا ئێستا ”بە ھەڵە“ ئیشەکە بەڕێوە دەبات، چونکە خۆی دەزانێت کە شوێنی چالاکییەکانی باشووری کوردستان نییە، بەڵکوو باکووری کوردستانە، بەڵام بەم جۆرە سیاسەت و مامەڵەکردنەی، ھەم زیان بە باشووری کوردستان و ھەم زیان بە خۆیان دەگەیەنن.



ڕوونیشی کردەوە کە ئێستا ٥٠٠ گوند لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پەکەکەوە ”دەستیان بەسەردا گیراوە“. گوتیشی: ”خەڵکی ئەو گوندانە ناتونن سەردانی گوندەکانیان بکەن و تێیدا بژین، بەو جۆرەش ژیان لەو گوندانەدا وەستاوە، تەنانەت ئەم سیاسەتەی پەکەکە بیانووی بە وڵاتانی ھەرێمی وەک ئێران و تورکیا داوە کە تۆپبارانی هەرێمی کوردستان بکەن“.



ئەندامەکەی خولی پێشووری پەرلەمانی کوردستان بە پێویستی دەزانێت، ”پەکەکە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە، لەسەر چ بنەمایەک دروست بووە، بچێت لەو شوێنە چالاکی ئەنجام بدات، نەک هەرێمی کوردستان بکاتە قوربانیی ئەجێنداکانی خۆی“.



نازم ھەرکی نایشارێتەوە کە ”پەکەکە ئەجێندای دەرەکی جێبەجی دەکات“. هاوکات پرسیاری ئەوەشی کرد: ”پەکەکە بۆ ناچێت لەشوێنەکانی دیکە چالاکییەکانی ئەنجام بدات؟”.



جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی سەروەری، دامەزراوە و ڕێسا و یاسای خۆیەتی و پێویستی بە چالاکییەکانی پەکەکە نییە، بۆیە ”ناکرێ پەکەکە دەست تێوەردان لە هەرێمی کوردستاندا بکات، چونکە ئەمە بێڕێزییە ھەم بە خەڵک و ھەم ھەرێمی کوردستان، بۆیە دەبێ بەخۆیدا بچێتەوە“.





باسنيوز
Top