نێچیرڤان بارزانی: ماڵباتی بەڕێزی میر بەردەوامی بە رێبازی کوردایەتیی میر تەحسین دەدەن

 نێچیرڤان بارزانی: ماڵباتی بەڕێزی میر بەردەوامی بە رێبازی کوردایەتیی میر تەحسین دەدەن
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە لەو باوەڕە دایە ماڵباتی بەڕێزی میری کوردانی ئێزدی، بەردەوامیی بە رێبازی کوردایەتیی میر تەحسین بەگ دەدەن.



ئەمڕۆ دووشەممە 4-2-2019، تەرمی میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی جیهان لە ئەڵمانیاوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیەندرایەوە هەرێمی کوردستان.



لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حەمەی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان، رێوڕەسمێک بۆ پێشوازیکردن لە تەرمی میری ئێزدییان، ساز کرا.



نێچیرڤان بارزانی لە ریوڕەسمەکەدا، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی میر تەحسین و رۆڵی لە شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و پێکەوەژیانی ئاینیی لە کوردستان، کرد.



دەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی:



بەڕێزان

وەکیلی میرێ

بابە شێخ و جڤاتا ڕۆحانی

کەسایەتی و خوشک و برایانی ئێزدی

نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان

مێوان و ئامادەبووانی ھێژا



لە ئێزدیدا دەگوترێ (بن ئادەم و ھەزار ساڵی تەواو بکەیت، میراتی لە شەرقێ ھەتا شامێ تەواو بکەی، ھەر دێ ڕۆژەکی تەواو بکەی).



ئەمڕۆ پێشوازی لە پیاوێکی گەورەی کوردستان دەکەین ئەویش میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی کوردستان و جیھان.



جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە ماڵباتی میر و جڤاتی ڕۆحانی و ھەموو ئێزدییان دەکەین.



میر تەحسین بەگ ڕۆژی ٢٨ی ١ لە ئەڵمانیا ماڵئاوایی لێ کردین، ئەمڕۆش لێرەین جاری کۆتاییە ماڵئاوایی لێ دەکەین و تاوەکوو لە شێخان لە نزیک لالشی نوورانی لەنێو ئامێزی خاک و وڵاتیدا بشاردرێتەوە.



میر تەحسین ماڵئاوایی لە ئێمە کرد. کاری بۆ کوردستان و خزمەتی بۆ ئێزدییان وایکرد کە قۆناغی میرایەتیی ئەو ھەردەم لە مێژووی ئێزدییان و کوردستان بە زیندوویی بمێنێتەوە.



میر تەحسین پەیوەندییەکی بەھێزی ھەبوو و بەشداریی شۆڕشی کوردستانی کرد و لەبەر ئەوەش تووشی دەستبەسەرکردن و نەفیکردن و دەربەدەرکردن بوو.



لەسەردەمی میرایەتیی ئەودا سەدان گەنجی ئێزدی بەشداریی شۆڕشی کوردستانیان کرد

لەبەر عەگیدیی مەزنی ئەو، قارەمانیی ھەندێک لە پێشمەرگەکانی ئێزدی ئێستاش لەنێو خەڵکی کوردستاندا ناویان وەکوو ئەفسانە، داستانی ئەوان وەکو ئەفسانە باس دەکرێ.



پاش ئەوەی میر تەحسین بەگ لە تەمەنێکی بچووکدا میرایەتی وەرگرت، پشتیوانی لە داواکارییەکانی شۆڕشی بارزان کرد و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کرد.



پاش نەمانی بەعس، بەردەوام ئێزدی ھان داوە کە بەشداری لە خەباتی کوردستان و عێراق بکەن.



مێژووی ئەو گەلێک ھەڵوێستی گەشی تێدایە، لەو باوەڕداین کە ماڵباتی بەڕێزی میر بەردەوامی بەو ڕێبازە دەدەن.



میر ئەرکی خۆی و نیشتمانی و نەتەوەیی پێکھێناوە، چونکە خزمەتکردنی ئەو خاکە بەشێکە لە ئەرکی ئایینیی ئێزدییان. پاراستنی زمان و نەتەوەیی یەکێکە لە پێویستییەکانی ئێزدییایەتی. بۆیە جینۆساید و ھەوڵی گۆڕینی ناسنامەی کوردستانی لە دەڤەری ئێزدییاتی دەستی پێکردووە.



بەرپرسانی ئێزدی لە ھەرێمی کوردستان و بەغداش بە ھەموو دڵسۆزییەک بۆ کوردستان و عێراق خەباتیان کردووە.



دەبێ ئێزدییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان ھەبێت و بەڕێوەبردنی دەڤەرەکەیان لە تایبەتمەندیی ئەوان بێت.



تاوەکوو شنگال ببێتە پارێزگایەک لە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەغداش ھەوڵی جددی دەدەین.



بەڕێزان لێرەین تا ماڵئاوایی لە میری ئێزدییان بکەین. جارێکی دیکە قوربانیی ئێزدییان و شنگال جەرگ و دڵی ئێمە دەھەژێنێت. دونیا دەزانێت کە داعش ڕێکخستنێکی تیرۆریستییە و ئەو ڕێکخستنە تاوانێکی ھەرە دڕندانەی بەرامبەر ئێزدییان کرد. ڕفاندنی دایک و کچانی ئێمەی ئێزدی و جوداکردنی ژن و منداڵی ئێزدی لە پیاوەکان، تاوانێکە ھیچ کاتێک ساڕێژ نابێت. داعش تاوانی گەورەی بەرامبەر خەڵکی دیکەی کوردستان و عێراق ئەنجام دا، خەڵکی سڤیلی کوشت و پێشمەرگە و ڕۆژنامەوانی سەربڕی، بەڵام ئەو تاوانانەی ئەنجامی دا، زۆر گەورە بوو. خەڵکی کوردستان ھیچ کاتێک ئەو کارەساتە لەبیر ناکات و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی. داعش ٦ ھەزار و ٤١٧ کەسی ڕفاند کە زۆربەیان ژن و کچ بوون، تائێستا ٣ ھەزار و ٣٤٢ کەس ڕزگار کراون، بەڵام بەداخەوە ھێشتا ٣ ھەزار کەس نەدۆزراونەتەوە و ڕزگار نەبوون. داوا لە خەڵکی ھەموو دەڤەرەکان دەکەم کە پێشتر لەبەر دەستی داعشدا بوون، ھاوکاریمان بکەن بۆ ڕزگارکردنی ئەوانە، خۆشم بڕیارم داوە تاوەکوو ھەموو ڕفێندراوانی ئێزدی ڕزگار نەکرێت، ڕزگارکردنیان لە ئەولەویەتی کارمان بێت و ئەو نووسینگەیەی لەم بوارەدا درووست کراوە، بەردەوام بێت.



ئێستا کە باس لە کۆتاییھاتنی داعش دەکرێت، بۆ ئێمە یەک کچ مابێت لەدەست داعش، تاوانی داعش بەرامبەرمان ھەر بەردەوامە. دەبێت دەرس لەو تاوانە وەربگرین و بەردەوام حیساب بۆ ھەبوونی ئەو مەترسییە بکەین. دەبێ دەڤەری شنگال پێش بخەین. لەگەڵ ڕێزدار عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جڤاتی نێودەوڵەتی پێکەوە کار بکەین.



شنگال ڕۆحی گەلی کوردستانی بریندار کرد، بۆیە ئامانجی یەکەمی پێشمەرگە لە شەڕی داعش ببووە ڕزگارکردنی دەڤەری شنگال. بە خوێنی دەیان و سەدان پێشمەرگە و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆ و مەیدانیی سەرۆک بارزانی، شنگال ڕزگار کرا. ئەمڕۆش دەبێت ڕفێندراوان ڕزگار بکەین و شنگال بە باشترین شێوە ئازاد بکەین و ڕێڤەبەرییەک بە دڵی شنگالییان دابمەزرێنین. ئەوەش یەکێک بوو لە ئامانجەکانی میر تەحسین بەگ خوا لێی رازی بێت.



دووبارە سەرەخۆشی لە ئێزدییان دەکەم. دەڵێم میر بەخێر بێیەوە بۆ دەڤەری خۆت و بۆ شێخان کە لای تۆ لە ھەموو شوێنێکی دونیا خۆشتر بوو..



دووبارە بەخێربێن
Top