لەبارەی دانانی کامێرای چاودێری لە ھۆڵەکانی وانە گوتنەوە ھۆشداری دەدرێت
بەرھەم مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیاند: "دانانی کامێرای چاودێری لەشوێنە گشتییەکان، کارێکی باشە و کۆنترۆڵی زۆربەی کێشەکان دەکات ، دەکرێت لە قوتابخانەکانیش لە گۆڕەپان و ھۆڵ و ڕاڕەوی قوتابخانەکان دابنرێت".
گوتیشی: "بەڵام بەھیچ شێوەیەک ڕێگە پێدراو نییە ، کە کامێرای چاودێری لە نێو پۆلەکانی وانە گوتنەوە دابنرێت، چونکە ئەو کارە دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پێشێل کردنی ئازادییەکان".
بەپێی زانیارییەکانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لە چەند ھۆڵێکی وانە گوتنەوەی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەولێر کامێرا دانراوە، بۆیە لەپێناو پێشێلنەکردنی یاسا و نەبوونی بە دیاردە، وەک یەکێتیی مامۆستایان سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکین کە وردەکاری و زانیاری پێویست لەسەر حاڵەتەکان و کاریگەرە نەرێنییەکان و چارەسەرکردن و ڕێگرتن لێی، دیاری دەکەن.
بەرھەم مستەفا، گوتیشی: "بەمەبەستی چارەسەرکردن و ڕێ گرتن لەو کێشەیە، ڕاپۆرتەکە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی دەکەین".
bas news-
