لە ماوەی سێ ڕۆژدا ٥ هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەولێر کردووە
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، نادر ڕۆستایی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو گەشتیارێکی ئێکجار زۆر لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، تەنیا بۆ ھەولێر لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا پێنج ھەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە، بۆیە ھاتنی گەشتیار وای لێھاتووە جیاوازیی نییە لەگەڵ وەرزی ھاوین کە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن."
نادر ڕۆستایی گوتیشی: "ماوەی چەند ساڵێکە بە پلانەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی گەشتیار لە ھەرچوار وەرزی ساڵدا بێنە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین چالاکی ئەنجام دەدەین و بەتایبەت ئەمساڵ بەفرێکی زۆر باریوە و ئێمەش کارمان لەسەر کرد و گەشتیارێکی زۆر ھاتوون بۆ ھەرێم و ھەر دوێنێ خلیسکانێی سەر بەفر لە چۆمان ئەنجام دراوە."
ڕۆستایی باسی لەوەش کرد: "ئێستا دۆخی ھەرێمی کوردستان زۆر لەبارە و پەیوەندیی ھەرێم و بەغداش زۆر باشە و دۆخی ئابووریی ھەرێم باشترە و مەترسیی شەڕ نەماوە، بۆیە ئەمانە ھەمووی وای کردووە مانگانە و ساڵانە ھاتنی گەشتیار بۆ ھەرێم زیاد بێت، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠١٦دا ملیۆنێک و٦٠٠ھەزار گەشتیار و ساڵی ٢٠١٧ دوو ملیۆن و١٠٠ گەشتیار و ساڵی ڕابردوو سێ ملیۆن و ٥٧ گەشتیار بوونە، بۆیە بەردەوام ھاتنی گەشتیار بۆ ھەرێم لەزیادبووندایە، ئەمەش سوودی زۆری ئابووریی بۆ ھەرێم ھەیە."
kdp-
