هێزێکی کوردی گەمارۆی سەر ئەبوبەکر بەغدادی بەرتەسک دەکاتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 3-2-2019، لەیلا عەبدوڵڵا، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزووری سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) بە (ئەلعەرەبییە)ی راگەیاندووە، لە سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر داعش لە کۆتا بنکە و بارەگانی، نزیک بوونەتەوە.
لەیلا عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاندووە، ناوچەیەکی کەم (نزیکەی چوار کیلۆمەتر چوارگۆشە) لە سنووری دێرەزوور لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا لەژێر دەسەڵاتی داعش ماوە و گومان دەکرێت ئەبوبەکر بەغدادیی خەلیفەی داعش لەوێ بێت.
پێشتر رۆژنامەی (ئەلعەرەبی جەدید) بڵاوی کردبووەوە، کە رۆژی 24-1-2019، هێزێکی ئەمریکی لە عێراقەوە چووەتە رۆژئاوای کوردستان و دواتر بە یاوەریی هێزێکی هەسەدە گەیشتووەتە پارێزگای دێرەزوور لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازیی عێراقی بڵاوی کردبووەوە، کە هێزە ئەمریکییەکان زانیارییان لەبارەی بوونی ئەبوبەکر بەغدادیی خەلیفەی داعش لە پارێزگای دێرەزوور پێ گەیشتووە، بۆیە چوونەتە ناوچەکە و لە سنووری 10 کیلۆمەتر چوارگۆشەدا، گەمارۆیان داوە.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنيوز
