فازڵ نەبی: دۆخی ئابووریی ھەرێم ڕۆژبەرۆژ لەگەشەکردندایە

 فازڵ نەبی: دۆخی ئابووریی ھەرێم ڕۆژبەرۆژ لەگەشەکردندایە
بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق گوتی، دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ لەگەشەکردندایە و پێشبینی دەکەن ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بتوانێت پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی لاببات.

بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق، فازڵ نەبی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ لەگەشەکردندایە و ئەو ساڵانەی ڕابردوو کە ھەرێم تووشی قەیرانێکی سەخت ھات تێی پەڕاندووە و ئێستا دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر باشتر بووە و ئەمساڵ باشتریش دەبێت."

فازڵ نەبی گوتیشی: "لێدوانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی ئابووری و مووچەی فەرمانبەران زۆر ئیجابی بوون و لە قسەکانیدا دیار بوو کە زۆر گەشبین بوو بەوەی بتوانن ئەمساڵ پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی لاببەن و ئێمەش گەشبینین حکوومەت بتوانێ ئەو ھەنگاوە بنێت."

نەبی باسی لەوەش کرد: "ئێستا پێوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا زۆر باشە و دەتوانرێت لە ڕووی ئابوورییەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوود لەو پێوەندییانە وەربگرێت، چونکە ئەگەر بەغدا پشکی ھەرێم ڕەوانە بکات، دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان زۆر باش دەبێت."
kdp -
Top