د. سەباح سوبحی: پێشمەرجی لایەنەكان ئاستەنگی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دروست كردووە

	 د. سەباح سوبحی: پێشمەرجی لایەنەكان ئاستەنگی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دروست كردووە
پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان دەڵێ، پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانە زۆر هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بەڵام پێشمەرجی لایەنەكان زۆری ئاستەنگ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دروست دەكات، دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت بە زیانی هاووڵاتیان و لایەنەكان تەواو دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن چەندین جار سەردانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كردووە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بەڵام (123) ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە و تا ئێستا حكوومەتی نوێ پێك نەهێندراوە.

پێوەست بە زیانەكانی دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت، د. سەباح سوبحی پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان و مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وڵاتان چاویان لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێیە. دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێم لە ڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە زیانی زۆری بە هاووڵاتیانی هەرێم گەیاندووە، ئاخر بووژانەوەی ئابووری پێویستی بە سەقامگیریی سیاسییە. پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێم سازش لە داواكانیان بكەن بۆ ئەوەی هەرچی زووە حكوومەت پێك بهێندرێت."

ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان ئاماژەیشی دا: "پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانە زۆر هەوڵ دەدات بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بەڵام پێشمەرجی لایەنەكان زۆری ئاستەنگ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دروست كردووە. هەندێك لایەنیش هەوڵی دواخستنی پێكهێنانی حكوومەت دەدەن و مەبەستیانە بابەتی تر و پرسی تر تێكەڵ بە پرسی پێكهێنانی حكوومەت بكەن، كە لە كۆتاییدا دواكەوتنی بە زیانی هاووڵاتیان و سەرجەم لایەنەكان دەبێت."

د. سەباح سوبحی ڕونیشی كردەوە: "دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ زیانی بە پێگەی سیاسی هەرێم لەبەرانبەر حكوومەتی عێراقدا گەیاندووە، چونكە چەندین پرسی هەستیارمان هەن كە تا ئێستا لەگەڵ بەغدا یەكلایی نەكراونەتەوە، وەك پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بودجە، مووچە، گەڕانەوەی پێشمەرگە، بەرنامەی حكوومەتی نوێی عێراقی فیدراڵ. وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی زلهێزیش چاوەڕوانی حكوومەتی نوێن."
KDP-
Top