گوتەبێژی پارتی: دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەنەکان درێژ دەکەین

 گوتەبێژی پارتی: دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەنەکان درێژ دەکەین
گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند کە دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەنەکان درێژ دەکەن و پەیوەندیشیان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بەهێزە.

لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا کە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەنجام درا، کەمێک لەمەوبەر، خەلیل ئیبراهیم، سەرکردەی باڵای یەکگرتوو ڕای گەیاند کە ئەوان لە بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوون پاشگەز نابنەوە، بەڵکوو ”چاودێریی کارەکانی کابینەی نوێی حکوومەت دەکەین“.

لەلایەن خۆشیەوە مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی لەبارەی سەردانەکەیان بۆ لای یەکگرتوو، ڕوونی کردەوە کە پێشتر بڕیاریان دابوو سەردانی هەموو لایەنەکان بکەن و ڕای گەیاند: ”ئێمە لە کۆمەڵگەیەک دەژین، سەرەڕای هەبوونی کۆمەڵێک جیاوازیی فکری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەڵام کۆمەڵگەکە پێویستی بە هەبوونی هەموومان هەیە، چ لە دەسەڵات و چ لە ئۆپۆزسیۆن بین. کۆمەڵێک بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی هەن کە دەبێت بیانپارێزین“.

باسیشی لەوە کرد کە دانیشتن و کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکگرتوو ”تازە نییە“ و لە ماوەی ڕابردووشدا کۆبوونەتەوە و ”ئەگەر هاوپەیمانیشمان نەبووبێت، پەیوەندیی دووقۆڵیمان هەندێکجار لە هاوپەیمانی بەهێزتر بووە“. بۆیە هیوای خواست کە ئەو پێکەوە بوونە، لە سوودی خەڵکی کوردستان بێت.

مەحمود محەمەد ئاشکرای کرد: ”ئێمە لە جوگرافیایەک دەژین کە هەموو جوگرافیاکە لە هەڵچووندایە و ئەو گۆڕانکارییانەش کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان هەیە. هاتووین دەستی دۆستایەتیی خۆمان و یەکگرتوو بۆ هەموو لایەنەکان درێژ بکەین و پێکەوە بەرگەی ئەم قۆناغە بگرین کە پێشبینی دەکەین کۆمەڵێک ڕووداو لەپێش بن، ئێمە نەبینە سووتەمەنی“.











باسنيوز
Top