جگە لە فراکسیۆنی پارتی پەرلەمانتارانی لایەنەکان کەمترین ئامادەییان لەنێو پەرلەمان هەیە

 جگە لە فراکسیۆنی پارتی پەرلەمانتارانی لایەنەکان کەمترین ئامادەییان لەنێو پەرلەمان هەیە
سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ١١ی ٢٠١٨ەوە مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتارییان بۆ هەژمار کراوە و بە فەرمی دەست بەکار بوون، بەڵام بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران کاتەکانی خۆیان بە دەوامکردن لەنێو پەرلەمان بەسەر نابەن و هیچ پابەندییەکیان بە پەرلەمانەوە نییە.

هەرچەندە پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکەی ڕۆژی ٦ی ١١ی ٢٠١٨ەوە بە فەرمی دەست بەکار بوون و لەو بەروارەشەوە مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتارییان بە فەرمی بۆ هەژمار کراوە، بەڵام بەشێکی هەرە زۆری پەرلەمانتارانی سەرجەم فراکسیۆنەکان، جگە لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی، کەمترین کاتەکانیان لەنێو پەرلەمان دایە.

لەمبارەیەوە زانا مەلا خالید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ڕايگەیاند: ”ئێمە لە ٦\١١\٢٠١٨ لە ئەرکی فەرمیدا دەست بەکار بووین، هەموو پەرلەمانتارێکیش دەبێ بە دەوامەکەیەوە پابەند بێت“.

ئەوەی خستە ڕوو کە فراکسیۆنی پارتی تائێستا “پابەندترین فراکسیۆنی پەرلەمانییە بۆ دەوامکردن، ڕۆژانەش پێشوازی لە شاندەکان دەکات، بەدواداچوونیش بۆ پرسەکانی خەڵک دەکات”.

زانای مەلا خالید دەڵێت “ناتوانین گشتاندن بکەین و بڵێین سەرجەم فراکسیۆنەکان پابەندی دەوامەکانیان نین”، بەڵام “پابەندترین فراکسیۆن، فراکسیۆنی پارتییە”.

بەشێک لە پاساوەکانی پەرلەمانتاران بۆ دەوام نەکردنیان لەنێو پەرلەمان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەرلەمان هێشتا دەستی بە دانیشتنە ئاساییەکانی نەکردووە بەهۆکاری ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

پێشتر فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاشکرای کردبوو کە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یەکێتی پرسەکانی عێراق و کەرکووک و هەولێری تێکەڵ بە یەکتر کردووە.













باسنيوز
Top