"بڕیارە یەک ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی قەزای سۆران خەرج بکرێت"

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق وردەکاریی خەرجکردنی ١٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری لە عێراق خستەڕوو و دەڵێ، لە ھەر پارێزگایەک ناوچەیەک دیاری کراوە و لە پارێزگای ھەولێر یەک ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی قەزای سۆران خەرج دەکرێت.

محەمەدەمین فارس، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "کاتی خۆی لە پەرلەمانەوە نووسراومان بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە، تا پارە بۆ قەرەبوکردنەوەی ھاووڵاتیان دابین بکرێت و لە وەڵامدا حکوومەتی عێراق پێی ڕاگەیاندین ھیچ پارەیەک لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی ھاووڵاتیان کە بە ھەر ھۆیەکەوە بێت مافی قەرەبووکردنەوەیان ھەیە، بەڵام دوای ھەوڵێکی زۆر توانیمان لە نێو یاسای بودجەی ئەمساڵدا پارەیەکی تایبەت تەرخان بکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی بە ھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە."

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارەیەکی دیکە تەرخان کراوە بۆ ھەر ناوچەیەک و گوژمێک پارە دیاری کراوە خەرج بکرێت، بۆ نموونە، لە سنووری پارێزگای ھەولێر یەک ملیۆن دۆلار بۆ قەزای سۆران تەرخان کراوە و بۆ پارێزگای سلێمانیش قەزای ڕانیە، ئەمە پارەیەکی جیاوازە و قەرەبووی زیانەکانی لافاوەکانی ئەمساڵ نییە."

محەمەد ئەمین فارس ڕوونی کردەوە: "ھەموو ئەو پارەیەی ئاماژەم بۆ کرد بڕی ١٣ ملیار دیناری عێراقییە بۆ سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان، پارەکەش بۆ ھەموو پڕۆژەکانی خزمەتگوزارییە، ئێمە چاوەڕێ دەکەین لە ماوەی مانگێدا کار بە یاسای بودجەی ئەمساڵ بکرێت و ئەو پارەیە بگاتە ھەموو پارێزگاکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە."
kdp -
Top