مۆڵەتی كردنەوەی بانكێكی حكوومیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان وەرگیراوە

	 مۆڵەتی كردنەوەی بانكێكی حكوومیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان وەرگیراوە
ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، لە هەوڵی بەئەلیكترۆنیكردنی بانكەكاندان و ١٥ بانك كراونەتە ئەلیكترۆنی و مۆڵەتی كردنەوەی بانكێكی حكوومیی نێودەوڵەتیش وەرگیراوە.

ئەم وتانەی ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە کاتی پێشوازیكردنیدا بوو لە شاندێكی باڵای بانكی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی میرزا حەسەن، ڕاگری ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی جێبەجێكارانی بانكی نێودەوڵەتی، كە ئەمڕۆ چوارشەممە،٣٠/١/٢٠١٩، بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە جیاوازیی ساڵی ٢٠١٤ بۆ ئێستا كرد و گوتی: "توانیمان بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر بكەین و سەركەوین بەسەر شەڕی تیرۆرستیی داعشدا و بە خۆڕاگریی مووچەخۆران سەركەوتین بەسەر دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن بەغدا و ئێستاش مووچە ٣٠ ڕۆژ جارێك دابەش دەكرێت."

ڕێباز حەملان باسی لەوەش كرد: "لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بەشی زۆری قەرزی بانكە ئەهلییەكان دراوەتەوە و یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئاسانكاری پێویستی بۆ وەبەرهێنەران كردووە، پڕۆژەكان دەستیان پێ كردووەتەوە و بەشێك لە قەرزی وەبەرهێنان دراوەتەوە و چەندان كۆنگرەی تایبەت بە ئابووری و وەبەرهێنان لە كوردستان ئەنجام دراون."

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بە لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا كرد کە تایبەتن بە یەكخستنی پێناسەی گومرکی و پەیوەندییەكانی نێوانیان و هەوڵی باشتركردنی ئەو پەیوەندییانە دەدرێت.

ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێم لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا باسی لە بەرەوپێشبردنی بانكە حكوومیەكان كرد، كە ١٥ بانكی حكوومی كراوەنەتە ئەلیكترۆنی و پرۆسەكەش بەردەوامە، هەروەها بە پشتیوانیی بەرێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، توانراوە مۆڵەتی كردنەوەی بانكێكی حكوومیی نێودەوڵەتی وەربگیرێت لە بەغدا، بە ناوی بانكی نیشتمان.

شاندی میوانیش خۆشحاڵیی خۆیان بۆ بەرەوپێشچوونەوەكان و سەركەوتن بەسەر قەیراندا دەربڕی، هەروەها ئامادەییان دەربڕی لە سیستەمی بانكیدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.


kdp -
Top