٤ساڵ تێپەڕی..پێشمەرگە ڕۆڵێکی گەورەی لە ڕزگارکردنی کۆبانێ گێڕا

٤ساڵ تێپەڕی..پێشمەرگە ڕۆڵێکی گەورەی لە ڕزگارکردنی کۆبانێ گێڕا
چوار ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی شاری کۆبانێدا تێپەڕی، سەرپەرشتیاری ئەو کاتی هێزەکانی پێشمەرگە لە کۆبانێ دەڵێ، کاتێک چووینە کۆبانێ ڕووبەرێکی زۆر کەمی مابوو کە شارەکە بە تەواوی بکەویتە ژێر دەستی داعش.

لیوا عبدالقەهار مەجید حاجی، سەرپەرشتیاری ئەوکاتی هێزەکانی پێشمەرگە لە  کۆبانێ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بە بڕیاری سەرۆک بارزانی و ڕەزامەندیی پەرلەمانی کوردستان ڕۆیشتینە کۆبانێ، شارەکە وێران بوو، زیاتر لە ٨٠%ی کەوتبووە دەست چەکدارانی داعش، ئەگەر پێشمەرگە نەگەیشتبایە شارەکە، ئەو شارە بە تەواوی دەکەوتە دەست داعش."

سەرۆک بارزانی چەندین جار ڕایگەیاندووە، نەک هەر کوردێک، بگرە هەر مرۆڤێکیش تووشی هێرشی دوژمنان بێت، پێشمەرگە پارێزگاریی لێ دەکات.

لە ٢٢ی مانگ ١٠ی ٢٠١٤، لەسەر داوای سەرۆک بارزانی، پەرلەمانی کوردستان کۆ بووەوە و بڕیاری چوونی هێزی پێـشمەرگە بۆ کۆبانێ پەسەند کرد.

داعش لە سێ قۆڵەوە هێرشی کردبووە سەر کۆبانێ و لە ناوەندی شارەکەدا داعش بە دڵی خۆیان هاتوچۆی دەکرد و خەڵکی سڤیلی شارەکەیش هەمووی بەرەو باکووری کوردستان ڕۆیشتن.

لە ٢٨ی مانگ پێشمەرگە بەرەو کۆبانێ بەڕێ کەوتن و گەیشتنە باکووری کوردستان و لەوێشەوە بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان چوون و وەک فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت، لە ٣١ی مانگ گەیشتینە کۆبانێ، ئەوکات شەڕڤانان هیچ شتێکیان بەدەستەوە نەمابوو و پێشوازییەکی جوانیان لێ کردین و مۆرالیان زۆر بەرز بوو."

"بە چەکی قورسەوە چووینە شارەکە و لە ٢٥ ڕۆژدا ٦٥%ی شارەکەمان لە دەست داعش ڕزگار کرد و بووە ٤٥ ڕۆژ ٨٥%ی ڕووبەری شار لە داعش ڕزگار کرا و هیوایەک بۆ تەواوی گەلی کورد دروست بوو." لیوا عبدالقەهار وای گوت.

لە ٢٦ی ١ی ٢٠١٥دا دوای چەندین مانگ بەرگریکردن، شاری کۆبانێ بە تەواوی لە چنگ چەکدارانی داعش ڕزگار کرا.

زێرەڤان ئەکرەم یەکەم شەهیدی پێشمەرگە بوو لە شەڕی دژی داعش لە کۆبانێ و چەندین پێـشمەرگەی تریش بریندار بوون.

کۆبانێ، شارێکی کوردستانە و لە دیوی چەپی ئاوی فوڕاتە. دانیشتووانەکەی بە گوێرەی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٠ نزیکەی ٢٠٤ ھەزار کەس بوون.
kdp-
Top