لیوا عەبدولخالق: ئاستەنگی بەردەم ڕاماڵینی چەك، چەكی نێو ماڵانە
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھێزەكانی پۆلیسی ھەولێر بە ھەماھەنگیی ھێزە ئەمنییەكانی دیكە، بەردەوام دەبن لە ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێمۆڵەت و لەوەتەی مەفرزەی بۆ دەردەكرێت، دەست بەسەر ژمارەیەكی بەرچاوی چەكدا گیراوە و چەكدارەكانیش ڕووبەڕووی دادگا كراونەتەوە بۆ وەرگرتنی سزای یاساییی خۆیان".
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئاستەنگی سەرەكیی بەردەم ھەڵمەتی ڕاماڵینی چەك، تەنیا ئەو چەكانەن كە ھاووڵاتیان لە ماڵەكانیاندا حەشاریان داون، چونكە ئەركێكی قورسە بۆ ھێزەكانی پۆلیس بتوانن پشكنین بۆ ھەموو ماڵێك بكەن و دەست بەسەر چەكەكانیاندا بگرن، بە تایبەتی خەڵك ئەو چەكەی بە پارەی خۆی كڕیوە، لەبەر ئەوەش، پێویستە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕێگەچارەیەك بدۆزێتەوە و بڕیارێك بۆ چەكی ماڵان دەربكات".
تەڵعەت گوتیشی: "لەگەڵ ھەڵمەتەكەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، پۆلیسی ھەولێر بەردەوام دەبێت لەسەر كارەكانی و لە ھەر كوێیەك پێویستی ھەبێت، مەفرەزەی پۆلیسی ھەولێر و ھێزە ئەمنییەكان دەگەنە شوێنی مەبەست، ھەر كەسێكیش چەكی بێمۆڵەتی لەلا بێت، ڕێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەریدا دەگرینە بەر".
kdp -
