نووسینگەی کۆسرەت ڕەسووڵ ڕوونکردنەوە لەسەر پەلاماردانی پزیشکەکەی سلێمانی بڵاو دەکاتەوە

 نووسینگەی کۆسرەت ڕەسووڵ ڕوونکردنەوە لەسەر پەلاماردانی پزیشکەکەی سلێمانی بڵاو دەکاتەوە
نووسینگەی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر پەلاماردانی پزیشکێکی سلێمانی لەلایەن چەند چەکدارێکی یەکێتی بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد کە سکاڵا لە دژی پزیشکەکە تۆمار دەکەن.

بەپێی ئەو ڕوونکردنەوەیە کە ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی ١ی ٢٠١٩ بڵاو کراو ئاماژە بەوە دراوە، چەند ڕۆژێکە ڕووداوی دەمەقاڵێیەکی دکتۆر بەختیار ئەمین و چەند پێشمەرگەیەکی یەکێتی لەسەر شەقام بۆتە قسەوباسی گەرمی ھەندێک کەناڵی ڕاگەیاندنی چەند لایەنێکی سیاسی کە نووسینگەکە ئەو ڕووداوە بە ”بابەتێکی ئاسایی و سادەیە“ وەسف دەکات و ئاماژەی داوە کە دەکرێ یاسا ڕۆڵی خۆی لە چارەسەرکردنیدا بگێڕێت و سەرپێچکار سزای خۆی وەربگرێت.

نووسینگەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ ڕەخنەی لە دکتۆر بەختیار ئەمین گرتووە و ڕای گەیاندووە:“بەبێ ھۆ دەستی داوەتە ھەڵمەتێکی تەشھیر و بوختانکردن لەسەر کۆسرەت ڕەسول و کوڕەکانی، لە کاتێکدا کە بەڕێزیان دوور و نزیک ھیچ پەیوەندییان نە بە بابەتەکە و نە بەلایەنی شەڕەکەوە نییە، تەنھا ئەوە نەبێت کە کۆسرەت ڕەسوڵ وەک جێگری سکرتێری گشتیی (ی.ن.ک)، بەرپرسی ھێزی پێشمەرگەی یەکێتییە“.

ئەوەش ڕوون کراوەتەوە: ”ناکرێت لە ھەر جێیەکی ئەم کوردستانە بەرینە پێشمەرگەیەک لە دەرەوەی ئەرکی فەرمیی خۆی تووشی دەمەقاڵی و کێشەی لابەلا ببێت، جێگری سکرتێری گشتی لێی بەرپرسیار بێت“.

لە کۆتاییدا باس لەوە کراوە: ”وەک نووسینگەی کۆسرەت ڕەسووڵ ھەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرینە بەر بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی و کۆتایی ھێنان بەو ھەڵمەتە چەواشەکارییانە و داوای یاسایی لەسەر لایەنی بەرامبەر تۆمار دەکات و بۆ لێپێچینەوە و گرتنەبەری ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر“.

بەهۆی ئەوەی کەیسی هاوردەکردنی دەرمانی ئێکسپایەری بەرپرسێکی باڵای ئاشکرا کردووە، بەرپرسەکە چەکدارەکانی ناردووەتە سەری و تەقەیان لێی کردووە. لە چەند میدیایەکیش باس لەوە کرابوو کە ئەو بەرپرسە کۆسرەت ڕەسووڵ عەلییە.













باسنيوز
Top