سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران مەرجی نوێ بۆ پاڵاوگەکان دیاری دەکات
دکتۆر سامی جەلال، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "پێشتر لیژنەیەکی باڵا بۆ پێداچوونەوە بە پاڵاوگەکان پێک ھاتبوو دەسەڵاتیشی پێ درابوو تا ھەر پاڵاوگەیەکی نایاسایی ھەبێت، بگیرێت، بەڵام دوای ئەوەی دەستمان بە کار کرد، ھەندێ پۆلێنکردن ھەبوو کە جیاوازییەک ھەبوو لە مەرجەکان، لەبەر ئەوەش نووسراوی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و لەوێ مەرجی نوێ دیاری دەکرێت بۆ ھەر پاڵاوگەیەک و دواتر مەرجەکان کە بە پێی ستانداردی جیھانی دەبن دەدرێن بە لیژنەکەی ئێمە."
دکتۆر سامی جەلال ڕوونی کردەوە: "دوای دەرچوونی ڕێنمایی و مەرجی نوێ، سێ لیژنە دروست دەکرێن و ھەر پاڵاوگەیەک ئەو مەرجانەی تێدا نەبێت کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیارییان دەکات، دەخرێتە نێو لیستی پاڵاوگە نایاساییەکان و دایدەخەین، لەبەر ئەوەش، ئێمە چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین بۆ پێداچوونەوە بەو ھەموو پاڵاوگەیەی ھەیە."
لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠٠ پاڵاوگە ھەن و ڕۆژانە کاریان پاڵاوتنی نەوت و بەرھەمەکانیەتی، وەک بەنزین و گاز، بەڵام وەک بەرپرسانی حکوومەت ئاماژەی بۆ دەکەن، بەشێک لەو پاڵاوگانە نە مۆڵەتیان ھەیە و نە ھیچ مەرجێکی پاڵاوگەیان تێدایە.
kdp-
