ساڵی ڕابردوو بە بڕی یەک ملیار و ٢٧٠ملیۆن دۆلار پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ھەولێر کراوە
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان لە ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نووسراومان کردووە بۆ ئەوەی ھەموو وەزارەتەکان پڕۆژەکانی خۆیان لە بواری وەبەرھێناندا بۆ ئێمە ڕەوانە بکەن، بۆ ئەوەی مۆڵەتی کارکردنیان پێ بدەین، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لەمساڵدا دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە ڕووی وەبەرھێنانەوە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر باشتر دەبێت."
سامان عارەب گوتیشی: "چەندین فاکتەر ھەن کە بوونەتە ھۆی ئەوەی دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بەرەو باشتر بچێت، لەوانە دۆخی سیاسی و نەمانی شەڕی داعش و باشبوونی پەیوەندیی ھەرێم و بەغدا و چەندین فاکتەری دیکە."
عارەب باسی لەوەش کرد: "ساڵی ڕابردوو ٢٤ مۆڵەت دراون و بە سەرمایەی یەک ملیار و٢٧٠ملیۆن دۆلار پرۆژەیان ئەنجام داوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ دوو بەرامبەر زیادی کردووە."
بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی ھەولێر ڕایشیگەیاند: "بەردەوام کۆمپانیای نوێ دێن و داوای مۆڵەتی کارکردن لە بواری وەبەرھێنان دەکەن، لەوانە کۆمپانیاکانی سعوودیا و تورکیا و کوێت و ئیمارات و چەندین وڵاتی دیکەش، چونکە کەشێکی زۆر لەبارە بۆ کارکردنی کۆمپانیاکان."
عارەب گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی داوا ئەنجامدانیان دەکرێت زیاتر لە بواری پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزاردان و ئێستا ئەو کەرتانە زیاتر پێش کەوتوون و لەمساڵیشدا زیاتر گرنگییان پێ دەدرێت."
kdp-
