ئەمەریکا نایەوێ دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک بە دەست حەشدەوە بێت

ئەمەریکا نایەوێ دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک بە دەست حەشدەوە بێت
بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك دەڵی، هێزێكی نوێ ئەمەریكا هاتووەتە سەربازگەی كەیوەن لە شاری كەركووك، بەڵام ژمارە سەربازانی هێزەکە و ئەو چەكانەی كە پێیانە تا ئێستا نەزانراوە، بەرپرسانی ئەمەریكی بە فەرمی و نافەرمی لەگەڵ ئەوەن كە دەبێ دۆسیەی ئەمنیی شاری كەركووك بە دەست حەشدی شەعبیەوە نەبێت.

لە ماوەی ڕابردوودا دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاری كشانەوەی سەربازەكانی وڵاتەكەی لە سووریا دا. زانیارییەكانیش باس لەوە دەكەن كە ئەو هێزە ئەمەریكییانە دەگوازرێنەوە شاری كەركووك و هەرێمی كوردستان. ئێستاش بەشێكی ئەو هێزانە هێنراونەتە شاری كەركووك. پێوەست بە هاتنی ئەو هێزانە، د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە پێی ئەو زانیارییانەی دەستمان كەوتوون، هێزێكی نوێی ئەمەریكی هاتووەتە سەربازگەی كەیوەن لە شاری كەركووك، بەڵام ژمارە و ئەو چەكانەی كە پێیانە تائێستا نەزانراوە. بەرپرسانی ئەمەریكا بە فەرمی و نافەرمی لەگەڵ ئەوەن كە دەبێ دۆسیەی ئەمنیی شاری كەركووك بەدەست حەشدی شەعبیەوە نەبێت، بەڵكو دەبێ بگەڕێندریتەوە ژێر دەستی دامەزراوەكانی شارەكە."

د. محەمەد خورشید ئاماژەیشی دا: "پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە دۆسیەی ئەمنیی شاری كەركووك بدرێتەوە دەست پۆلیسی ناوخۆی شاری كەركووك. بابەتی دۆسیەی ئەمنیی كەركووك و بەڕێوەبردنی شارەكە زۆر گرنگن. لەوانەش گرنگتر داهاتووی كەركووكە كە تائێستا حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق خۆیان لێ دزیوەتەوە."

بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك ئاشكرایشی كرد: "لە كۆبوونەوەكاندا پارتی داواكاریی خۆی بە بەرپرسانی عێراق گەیاندووە و داوامان كردووە ئەو جەبهەیەی لە نێوان هەرێم و ناوچەكانی تری گرفت‌لەسەر هەیە، نەمێنێت و ئەو ناوچانە بە شەریكی بەڕێوە ببرێن. باشترین چارەسەریش ئەوەیە خەڵكی ئەم ناوچانە خۆیان ناوچەكان بەڕێوە ببەن."
kdp-
Top