پۆلیسی هەولێر بەدەست ئافرەتێکەوە گیرۆدە بووە

 پۆلیسی هەولێر بەدەست ئافرەتێکەوە گیرۆدە بووە
پۆلیسی هەولێر ئەوەی راگەیاند کە بەدەست ئافرەتێکەوە گیرۆدەبوون کە بەهۆکارێکی نادیار تەنیا ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ١ی ٢٠١٩ دوو جار چووەتە سەر پردێک و هەوڵی خۆهەڵدانی داوە.

پاش ئەوەی تۆماری ڤیدیۆیی ئافرەتێک لە هەولێر بڵاو بووەوە کە لەسەر پردێکدا هەوڵی خۆهەڵدانی داوە، ڕائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر ڕايگەیاند: ”ئەمڕۆ شەممە ١٢\١\٢٠١٩ جاری دووەمە کە ئەو ئافرەتە کە ئافرەتێکە ناتوانێت قسە بکات و ببیستێت، دەیەوێت لەو پردە خۆی فڕێ بداتە خوارەوە، لە ھەردوو جارەکەشدا گرتوومانە و دواتر ئازادمان کردووە“.

باسیشی لەوە کرد کە ماوەی ساڵێک و شەش مانگە بەو ئافرەتەوە سەرقاڵن و ”نازانین چی لێ بکەین“.

پێش چەند ڕۆژێک گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕای گەیاندبوو کە ساڵێك و نیو لەمەوبەر ”پەڕاومان بۆ ئەو ئافرەتە کردەوە بردمانە خانەی داڵدەدانی ئافرەتان، بەڵام لەوێ‌ نەگیرساوەتەوە و شەڕی ناوەتەوە و شوێنەكەی جێ هێشتووە”.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسیشی لەوە کردبوو کە ئەو ئافرەتە خەڵكی رانیەیە و بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ناردوویەتیەوە بۆ ڕانیە، بەڵام بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ سنووری شاری هەولێرە. بۆیە داوای لە ڕێکخراوەکانی بواری کۆمەڵگەی مەدەنی و خێرخوازان کردبوو، “بە هانای ئەو ئافرەتەوە بچن”.











باسنيوز
Top