پۆلیسی سلێمانی زانیاریی نوێ لەبارەی دۆسیەی سێوان قادر دەخاتە ڕوو

 پۆلیسی سلێمانی زانیاریی نوێ لەبارەی دۆسیەی سێوان قادر دەخاتە ڕوو
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا زانیاریی نوێ لەبارەی دۆسیەی سێوان قادر و ھەروەھا ئاماری ساڵی ٢٠١٩ دەخاتەڕوو.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەو پرێس کۆنفرانسەدا ئاماژەی بەوە کرد: ”ھەموو ئەو ھەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن، سێوان قادر خۆی و منداڵەکانی سوتاندووە، ھیچ پشتڕاستکردنەوەکی پۆلیسی بۆ نەکراوە، پۆلیسی سلێمانی زانیاری بە کەس نەداوە، ئێستا سەرجەم راپۆرتی پزیشکیی دادوەری و تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە و تیمەکانی بەڵگەی تاوان، ھەموو لێکۆڵینەوەکانیان تەواو کردووە و خراوەتە بەردەم دادگا، دوا بڕیاریش لای دادگایە سەبارەت بەو دۆسیەیە".

بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی بۆ پلانی ساڵی ٢٠١٩ کۆبوونەتەوە، پلانەکەش بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەیە کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە. گوتیشی: ”ئەمڕۆ توانرا تۆمەتبارێک دەستگیر بکرێت کە لە ٢٠٠٩ بە کوشتنی کەسێک تۆمەتبارە، ھەروەھا تۆمەتبارێک ئۆتۆمبێڵێکی دزیبوو، توانرا دوای چەند کاتژمێرێک، دەستگیری بکەن، ھەروەھا لە ١/١/٢٠١٩ تا ١٢/١/٢٠١٩، بیست فەرمانی دەستگیرکردن جێبەجێ کراوە“.

سێوان قادر نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لە ماڵەکەی خۆیدا لە چەمچەماڵ، بەهۆی ئاگرەوە بە ڕێژەی ٩٠٪ سووتا و دوو منداڵەکەشی گیانیان لەدەست دا، دواتر سێوان قادر گیانی لەدەست دا. پاشان هاوسەرەکەی بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار کراوە، دەستگیر کرا و ئافرەتێکی دیکەش لە کەیسەکەدا دەستگیر کرا، بەڵام پاشان ئافرەتەکە ئازاد کرا.











باسنيوز
Top