پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتەوە داوا لە خەڵکی دەکات گەشبین بن
بەپێی زانیارییەکان، لەم هەفتەیەدا شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی حزب و لایەنەکانی کوردستان دەکات و گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
لەمبارەیەشەوە فرسەت سۆفی، ئەندامی شاندی پارتی، بەبێ ئەوەی وادەی سەردانەکە ئاشکرا بکات، بە کەناڵی (کوردستان ٢٤)ی ڕاگەیاندووە: ”ئێمە جددین و گفتوگۆیەکی جددی بکرێ و لە کاتێکی زوودا حکوومەت پێک بهێنین“.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ”بە خەڵکی دەڵێین گەشبین بن، لێکتێگەیشتن هەیە و ئەگەر ناکۆکیش لەسەر چەند خاڵێک هەبێت، ئەوا خەریکین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە“. دەشڵێت: ”لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەیە و ئیشەڵا ئەنجامی باش دەبینین“.
پێشتر دوو گەڕی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت بەڕێوە چووە. پارتی کە خاوەنی ٤٥ کورسیی پەرلەمانی کوردستانە، لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان گفتوگۆی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێتی دۆسیەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا و کەرکووکی تێکەڵ کردووە و وەک یەک پاکێج سەیریان دەکات، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دواکەوتووە.
باسنيوز
