حکوومەت فەرمانی دامەزراندنی ٣٥٢ پزیشکی دەرکرد

 حکوومەت فەرمانی دامەزراندنی ٣٥٢ پزیشکی دەرکرد
ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ فەرمانی دامەزراندنی ٣٥٢ پزیشکی گشتیی بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەرکرد، گوتەبێژی تەندروستیی ھەولێریش دەڵێ، پێویستە ئەو پزیشکانە ماوەی ساڵێک لە دەرەوەی شار دەوام بکەن، دواتر بگەڕێنەوە بۆ ناو شار .

بە گوێرەی بڕیارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، کە ئیمزای سەرۆکوەزیران، نێچیرڤان بارزانی لەسەرە، بڕیاری دامەزراندنی ٣٥٢ پزیشکی گشتی بۆ ھەرسێ پارێزگای ھەولێر ١٣٧ پزیشک و سلێمانی ١٥٨ پزیشک و دھۆک ٥٧ پزیشک دەرچووە. بە پێی ھەمان نووسراو ئەو کەسانەی دامەزراون دەرچووی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ن و ئێستا فەرمانی دامەزراندنیان دەرکراوە.

فاخیر کرمانجی، گوتەبێژی تەندروستی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ بڕیاری دامەزراندنیان دەرچووە و پێویستە دەست بە مامەڵەی دامەزراندن بکەن و ھەرکاتێک مامەڵەکانیان تەواو کرد دەستبەکار دەبن."

فاخیر کرمانجی گوتیشی: "ھەر پزیشکێک تازە دامەزرێت، پێویستە ماوەی ساڵێک لە دەوروبەری پارێزگاکان دەوام بکات، دواتر بگەڕێتەوە بۆ ناو شار و بۆ ئەوانەی ئێستاش دامەزراون، بە ھەمان شێوە دەبێت."
kdp-
Top