وەڵامی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکیدا بە ناوی "ههرێمی كوردستانی عێراق: ئهشكهنجهدانی مێردمنداڵانی بهندكراو" باس لە ئەشکەنجەدانی ئەو مێرمنداڵانە دەکات کە دەستگیر کراون و گومانیان لێ دەکرێت پەیوەندییان بە تیرۆریستانی داعشەوە هەبێت بۆ ئەوەی ئیعتیراف بکەن. لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکات ئەو دەستگیرکراوانە مافی یاساییان وەک پێویست نییە، بەتایبەتی لە بواری بوونی پارێزەر و ئاگادارکردنەوەی کەسوکاریان و مانەوەیان بۆ ماوەیەکی زۆر بەر لە دادگاییکردنیان و چەندین تۆمەتیش دەخاتە پاڵ حکومەتی هەرێم سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مێرمنداڵانە.
ڕۆژی 8/1/2019 ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی بە ناوی "ههرێمی كوردستانی عێراق: ئهشكهنجهدانی مێرمنداڵانی بهندكراو" بڵاو کردەوە و تێیدا باس لەوە دەکات کە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئەو مێرمنداڵانە ئەشکەنجە دەدات کە دەستگیر کراون و گومانیان لێ دەکرێت پەیوەندییان بە تیرۆریستانی داعشەوە هەبێت بۆ ئەوەی ئیعتیراف بکەن بەوەی پەیوەندییان بە تیرۆریستانی داعشەوە هەیە، لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکات ئەو دەستگیرکراوانە مافی یاساییان وەک.پێویست نییە، بەتایبەتی لە بواری بوونی پارێزەر و ئاگادارکردنەوەی کەسوکاریان و مانەوەیان بۆ ماوەیەکی زۆر بەر لە دادگاییکردنیان.
سەبارەت بەم ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سەدان هەزار کەس لەو ناوچانە کە کەوتبوونە ژێردەسەڵاتی داعش ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، لەو کاتەدا جیاکردنەوەی هاووڵاتیانی ئاسایی و ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە کارێکی ئاسان نەبوو و ئاستەنگی زۆری بۆ پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەکان درووست دەکرد، بۆیە چەند ڕێووشوێنێکی ئەمنی دەگیرایە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و خودی ئاوارەکان و ڕێگانەدان بە دزەکردنی تیرۆریستان بۆ نێو هاووڵاتیان، بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانی هەرێم بە ئاوارەکانیشەوە، بەڵام بەردەوام لە چەند سەرچاوەیەکی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە تۆمەتی مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ دەستگیرکراوان دەخرێتە پاڵ دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ئەشکەنجەدان و ڕێوشوێنەکانی دەستگیرکردن.
سەبارەت بە ڕاپۆرتی ناوبراو زێباری گوتی: ڕێکخراوی ناوبراو لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە لە چاكسازیی ژنان و منداڵانی ههولێر زانیارییان وەرگرتووە لەو گیراوانەی داعش لە کاتێکدا ڕێکخراوی ناوبراو سەردانی بنکەی چاکسازییان نەکردووە و ئەو داتایانەی کە باسی کردووە دوورە لە ڕاستی، چونکە ئێستا (٩٠) کەس لە نەوجەوانان و ئافرەتان و منداڵ هەیە؛ لەوانە (١٤) کوڕ کە ڕاگیراوە و (٥٠)ی دیکەش لە کوڕەکان فەرمانی سزایان بۆ دەرچووە، ئەمانە تەمەنیان لە (١٨) ساڵ کەمترە، لەگەڵ (٢٦) ئافرەت و لە ماوەی ڕابردووشدا ژمارەیەکی زۆریان کە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کرابوون ئازاد کراون و ڕەوانەی ئەو شوێنانە کراون کە لێوەی هاتبوون.
زێباری تیشکی خستە سەر ڕێوشوێنی سەنتەرەکانی پێشوازیکردن لە ئاوارەکان و گوتی: لە کاتی هاتنی ئاوارە و ڕاگوێزراوەکان لە سەنتەرەکانی پێشوازیکردن دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵێنەوە لە ناوەکانیان دەکەن و زانیارییان لەسەر وەردەگرن، ئەو کەسانەی کە گومانیان لەسەرە، یان داواکراون، ڕەوانەی ئاسایش و دادگا دەکرێن بۆ ئەنجامدانی ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەریان و لەم ڕووەوە تا ئێستا سەدان کەس دەستگیر کراوە کە بە بەڵگەی تەواوەوە دەرچووە کە ئەندامی داعشن، بەشێک لەو گیراوانە ماوەیەک لە ڕیزەکانی داعش بوون، تەنانەت قەنناسبەدەستى داعش بوون و بەشداریی خولی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و هزریی داعشیشیان کردووە، ئەمەش بە پێی ئەو زانیاریانە بووە کە بە ئیعتیراف و شاهیدیی خودی ڕاگوێزراوەکان بووە، دوای ئەوەی دەزگا پەیوەندیدارەکان دڵنیا دەبن لە وتەکانیان، هەروەها پێش ڕزگارکردنی ئەم ناوچانە زانیاریی هەواڵگری لەسەر ژمارەیەک لەو کەسانە هەبووە.
سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی دەستگیرکردن د. دیندار زێباری گوتی: هیچ کەسێک بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناکرێت بە هیچ تۆمەتێک و گشت ڕێوشوێنەکانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، هەروەها دوای دەستگیرکردنیشی مافە یاساییەکانی خۆیان هەیە بە پێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان، بۆیە ڕیگری لە هیچ کەسێک ناکرێت و هەموو کەسێک کە دەستگیر دەکرێت، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران و داواکراوان بە پێی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی (قانون اصول محاکمات الجزائیە) ژمارە (٢٣)ی ساڵی (١٩٧١)ی هەموارکراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ. ڕێکارەکانیش بریتین لە سەلماندنی کەسایەتیی داواکراو و گومانلێکراو و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان.
زێباری تیشکی خستە سەر مافی ڕاگیراو و سزادراوان و ڕایگەیاند: ئەو مێردمنداڵانە هەمان مافی ڕاگیراوانی دیکەیان هەیە؛ وەک بوونی پارێزەر، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بکات و لەم ڕووەوە ڕێکخراوی یونیسێف بەم دواییە پارێزەرێکی ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوونی کەیسەکانی ڕاگیراوان لە چاکسازیی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکارییەکی زۆری ئەو پارێزەرە دەکەن و بەم دواییە (٦) لە گیراوان لە ڕێگای پارێزەرەکەوە ئازاد کراون، هەروەها دەتوانن تەلەفۆن بەکار بهێنن و پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن بە شێوەیەکی ئاسایی، تەنیا لەو کاتانەدا نەبێت کە لەژێر لێکۆڵینەوەدا بن. لە لایەکی دیکەوە پرۆگرامێکی تایبەت دانراوە بە ڕەزامەندیی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی ئەم دەستگیرکراوانە سوودمەند بن لە پرۆسەی خوێندن بە زمانی عەرەبی و بڕیار وایە بەم زووانە ئەم پرۆسەیەی دەست پێ بکات بۆ ئەوەی گیراوان لە پرۆسەی خوێندن بێبەش نەبن.
زێباری ئاماژەی بە مانەوەی دەستگیرکراوان کرد بەر لە دادگاییکردنیان و گوتی: هەر کەسێک لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیر بکرێت بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر دەمێنێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە، دواتر بە پێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و دەنێردرێن بۆ دادگای تایبەت بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکانیان، بەڵام زۆر جار بە هۆی زۆریی ژمارەی ڕاگوێزراوان ئەوا ڕێکارە یاساییەکان ماوەیەک دەخایەنێت بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکان. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی ناوخۆ مانگانه بە لیست ناوی ئەو ڕاگیراوانەی پهڕاوهكانیان یهكلایی نهكراوهتهوه، ڕهوانهی سهرۆكایهتیی دادگاكانی تێههڵچوونهوهی پارێزگاكان دهكات بۆ چارهسهركردنی كێشهكانیان و ئەنجامدانی پرۆسەی دادگاییکردنیان بە پێی یاسا.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ئەشکەنجەدان لە بنکەکانی ڕاگرتن و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا گوتی: بە پێی یاسا ئەشکەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بە شێوەیەکی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت کە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس ڕاگیراوان ئەشکەنجە بدەن بە پێی ماددەی (333) لە یاساى سزادانى عێراقى ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو و هەر تۆمەتبارێک لە کاتى لێکۆڵینەوەدا ئەشکەنجە درابێت لە ڕووی یاساییەوە مافى هەیە سکاڵا تۆمار بکات، بەڵام هۆکاری پێکنەهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی مێردمنداڵانی داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تا ئێستا هیچ سکاڵایەک دژی دەزگا ئەمنییەکان لە لایەن گیراوانەوە نەبووە و لە چاکسازییەکان هیچ ئاسەوارێکی ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەی دەستگیرکراوان بەدی نەکراوە، وەک لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ناوبراودا هاتووە.
دیندار زێباری سەبارەت بەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و گومانیان لێ دەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، گوتی: تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە دەستگیر کراون کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و لە ئەنجامدا هەندێکیان سزا دراوان و سزاکەشیان بە پێی ئەو تاوانەیە کە ئەنجامیان داوە، لەوانە ژمارەیەکیان تەمەنیان لە خوارووی (18) ساڵە و لە چاکسازییەکان دەستبەسەرن. ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە (١٨) ساڵ کەمترە و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و گومانیان لێ دەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەک قوربانیی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، نەک تاوانبار و، گرنگییەکی تایبەتییان پێ دەدرێت، ئەم پرۆسەیەش بە هەماهەنگی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە ناحکوومییە بیانییەکان ئەنجام دەدرێت. هەروەها هەر مێرد منداڵیك بەبێ دایك و باوك بێتە هەرێمی كوردستان زۆر بە باشی لە لایەن بەڕێوەبەرانی كەمپەكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانەوە مامەڵەی منداڵی بێسەرپەرشتیاریان لەگەڵ دەكرێت و شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان دەكرێت.
لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم گوتی: ئەو مێردمنداڵانەى کە دایک و باوکیان دەستگیر کراوە، یان گومانلێکراون بە پەیوەندیکردنیان بە تیرۆریستانەوە، بە شێوەیەکى ئاسایى و لە ڕوانگەیەکى مرۆییەوە لایەنە پەیوەندارەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، وەک گشت منداڵى ڕاگوێزراوەکان بە ڕەچاوکردنى بارودۆخى تایبەتیان. بە شێوەیەکی گشتی دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کەیسی ئەو منداڵانە و ئەو کەیسانەی یەکلا کراونەتەوە چ بە ئازادکردن، یان سزاى زیندانیکردنیان وەرگرتبێت.
لە بارەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکانەوە بەندکراوەکان لە کاتی پێویستدا ڕهوانهی نهخۆشخانهكان دهكرێن و ئهو ڕاگیراوانهش كه نهخۆشیی درێژخایهنیان ههیه له لایهن بهشهكانی گرتن و گواستنهوه ڕهچاوی باری تهندروستییان كراوه و بۆیان ههیه خواردنی تایبهت بۆ خۆیان دروست بكهن. ئەم جۆرە بەندکراوانە بهردهوام له لایهن پزیشكهكانی بنكهكانی تهندروستییەوە له بهشهكانی گرتن و گواستنهوه چاودێریی باری تهندروستییان دهكرێت.
kdp-
