مەسیحییەکان دەڵێن لە بەغدا کڵێسا کۆنەکانمان لێ خاپوور دەکرێن

مەسیحییەکان دەڵێن لە بەغدا کڵێسا کۆنەکانمان لێ خاپوور دەکرێن
لە بەغدا بڕیار دراوە دوو کلێسای مێژووییی مەسیحییەکان خاپوور بکرێن و شوێنەکانیشیان بۆ کاری وەبەرھێنان تەرخان بکرێت. نوێنەرێکی مەسیحییەکانیش دەڵێ، بەداخەوە لە بەغدا کلێساکانیان لێ خاپوور دەکرێن و لە ھەرێمی کوردستانیش بڕیاری دروستکردنی چەند کلێسایەکی نوێ دراوە.

وەحیدە یاقۆ ھورمز، نوێنەری مەسیحییەکان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە پایتەختی عێراق، کە بەغدایە، بڕیار دراوە دوو کلێسای مێژووییی مەسیحییەکان خاپوور بکرێن بە بیانووی ئەوەی زۆر کۆن بوونە و دەیانەوێت شوێنەکانیان بدەن بە وەبەرھێنەران بۆ ئەوەی بۆ کاری بازرگانی بەکاری بێنن، بەڵام ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ھاتوونەتە سەر خەت و سکاڵایان لەسەر ئەوانە تۆمار کردووە کە ھۆکاری خاپوورکردنی ئەو کلێسایەن، چونکە بە ھیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە کلێسای ئێمە خاپوور بکەن."

وەحیدە یاقۆ ھورمز گوتیشی: "ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە لە عێراق پێکەوەژیان نییە، ئەگەرنا لە وڵاتێکی وەکو تورکیا، سەرەڕای ئەوەی مەسیحیش لە تورکیا نین، تا ئێستا کلێساکانیان ماون و خاپوور نەکراون، بەڵام لە عێراق کلێسای مەسیحییەکان خاپوور دەکەن."

ھورمز باسی لەوەش کرد: "دەستێک لەپشت ئەوکارەوە ھەیە کە دەیانەوێت بازرگانی بە شوێنە پیرۆزەکانی مەسیحی لە عێراقدا بکەن، بەڵام مەسیحییەکان لەو کارە بێدەنگ نابن و ڕێگەیشی پێ نادەن و پێویستە ئەو پرسە چارەسەر بکرێت."

وەحیدە یاقۆ گوتیشی: "بەداخەوە لە عێراق کلێسا مێژووییەکانی مەسیحی خاپوور دەکرێن و لە ھەرێمی کوردستانیش حکوومەتی ھەرێم بڕیاری داوە کلێسا کۆنەکان نوژەن بکرێنەوە و ھەندێک کلێسای نوێش دروست بکرێن کە ژیان بۆ مەسیحییەکان لە ھەرێمی کوردستان زۆر خۆش و ئارامە و بە پێچەوانەوە لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق بەردەوام تەعدا لە مەسیحییەکان دەکرێت."
kdp-
Top