بڕیارە ئەمساڵ نووسینگەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە مووسڵ و کەرکووک بکرێنەوە
شیروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ھەرێم و پارێزگان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد: "ئێمە، وەک لیژنە، بە فەرمی نووسراومان کردووە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە ڕەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان، بۆ کردنەوەی نووسینگەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری ھەمیشەییی عێراق لە ناوچەکانی مووسڵ و کەرکووک، تا ئەو ھاووڵاتیانەی ماددەکە دەیانگرێتەوە سوودمەند بن لە قەرەبووی حکوومەتی عێراق، چونکە ساڵانی ڕابردوو قەرەبووی ماددەی ١٤٠ لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەردەوام بووە و تەنیا نووسینگەکانی کەرکووک و نەینەوا داخرابوون، ئێستا ژمارەی ئەو ھاووڵاتیانەی لە سنووری ھەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکووک زەرەرمەند بوونە، دیار نییە، بەڵام لە دیالە سێ ھەزار و ٥٠٠ خێزان ماون."
ئەندامەکەی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ماددەی ١٤٠ ھەموو عێراق دەگرێتەوە، بەداخەوە غەدرێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی نەینەوا و کەرکووک کراوە، لەبەر ئەوەی قەرەبووی ماددەی ١٤٠ لە ھەموو عێراق بەردەوام بووە و تەنیا لەو سنوورانەی باسم کرد، نەبووە. ئێمە ژمارەیەک پەرلەمانتارین کە عەرەبی سوننەشمان لەگەڵە لەھەوڵداین ئەمساڵ نووسینگەکانی ١٤٠ لە کەرکووک و نەینەواش بکرێنەوە و دەست بە کارەکانیان بکەن."
شیروان دووبەردانی ڕوونی کردەوە: "ئەمساڵ نووسینگەکان دەکرێنەوە و ھەر خەڵکێک لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو تا کاتی لەناوچوونی ڕژێمی بەعس زیانی پێ گەیشتبێت ئەوە بە پێی یاسا و دەستوور مافی قەرەبووکردنەوەی ھەیە، بە تایبەتی ھەندی ناوچە ھەن لەگەڵ قەرەبووکردنەوە، ڕەوشەکەیان ئاسایی دەکرێتەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان، ئێمە پێشتریش و ئێستاش جددین لەسەر ئەوەی دەبێ ماددەی ١٤٠ی دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت."
kdp-
