لە بەردەڕەش باندێکی دزی دەستگیر کران

 لە بەردەڕەش باندێکی دزی دەستگیر کران
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دھۆک ڕای دەگەیەنێت، باندێکی دزی لە شارۆچکەی بەردەڕەش دەستگیر کراون، کە چەند تاوانێکی دزییان ئەنجام داوە و پارەی ساختەشیان ھێناوەتە بازاڕ.

موقەدەم ھێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دھۆک بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاند: "لە ڕۆژی 5/1/2019، پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی بەردەڕەش بە ھاوکاریی پۆلیسی بەردەڕەش و پۆلیسی دھۆک باندێکیان دەستگیر کرد، کە ژمارەیان لە چوار کەس پێکھاتبوو، کە لە نێوانیاندا دوو تۆمەتباری مەترسیدار و ئافرەتێک ھەبوو".

گوتیشی: "دوو کەسی ئەو باندە کە تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 30 ساڵە، یەکێکیان بە ڕەگەز خەڵکی سووریایە بە ھاوکاریی کەسێکی خەڵکی زاخۆ گوژمەیەکی دراوی ئەمریکی و عێراقیی ساختەیان بۆ بازاڕەکان ھێنابوو، کە لە وڵاتی سووریاوە ئەو پارەیە ساختە کرابوو، دواتر ھاتبوون بۆ زاخۆ، ئینجا بۆ بەردەڕەش بۆ ساغکردنەوەی پارە ساختەکە لە بازاڕدا، پۆلیس توانی ئەو دوو تۆمەتبارە دەستگیر بکات و دەستیش بەسەر سەرجەم ئەو پارانە گیرا".

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دھۆک ئاماژەی بەوەش دا، تۆمەتبارێکی دیکەی تەمەن 35 ساڵ کە خەڵکی بەردەڕەشە و چاودێریی بازرگانێکی زێڕی کردووە و دوو کیلۆ زێڕی لێ دزیوە، لە کاتی تاوانەکەشدا "چەکی بەکار ھێنابوو و ڕوخساری خۆی شاردبووەوە"، دوای دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە، زێڕەکە بۆ خاوەنەکەی گەڕێندراوەتەوە".

موقەدەم ھێمن سلێمان ڕوونیشی کردەوە: "کەسێکی دیکەی نێو ئەو باندە ئافرەتە، کە لەنێو بازاڕی بەردەڕەش نۆ گرام زێڕی لە جانتای ئافرەتێک دزیوە و دوای دەستگیرکردنی، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە".











باسنيوز
Top