داعش هێرشێکی فراوان دەکاتە سەر هەسەدە

 داعش هێرشێکی فراوان دەکاتە سەر هەسەدە
رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشێکی فراوان دەکاتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) و دەیان قوربانی هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە 8-1-2019، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە چەکدارانی داعش بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی هەسەدە.

بەپێی راگەیەندراوێکی روانگەی سووری، داعش لە میحوەرکانی شەعفە، سوسە، مەراشیدە و سەحرا لە گوندەوارەکانی رۆژهەڵاتی دێرەزوور هێرشی کردووەتە سەر هەسەدە.

بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە، هەروەک روانگەی سووری رایگەیاندووە، 23 شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەست داوە و 30ـی دیکەش بریندار بوون و نۆ چەکداری داعشیش کوژران.

هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.











باسنيوز
Top