کاتی دەست پێکردنی شەقامی 150 مەتری هەولێر ئاشکرا دەکرێت

 کاتی دەست پێکردنی شەقامی 150 مەتری هەولێر ئاشکرا دەکرێت
بەڕێوەبەری پرۆژەی ڕێگای بازنەیی شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر ڕای دەگەیەنێت، لە دوای جەژنی نەورۆزی 2019 پرۆژەی شەقامی 150 دەست پێ دەکات.

ئەندازیار ئەمیر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پرۆژەی شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر ڕايگەیاند: "لە دوای دانانی بەردی بناغەی شەقامی 150 مەتری بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر بارانباری، نەتوانرا دەست بە دروستکردن و جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکرێت، لەبەر ئەوەی کرداری خۆڵتێکردن و هەڵکۆڵین لە وەرزی زستاندا کارێکی ئەستەمە".

گوتیشی: "لە دوای جەژنی نەورۆزی ئەمساڵەوە دەست بە جێبەجێکردنی پلانی دروستکردنی شەقامی 150 مەتری دەکرێت".

ئەوەشی خستە ڕوو، کە هەندێک کەموکوڕی لە شێوازی نەخشەی شەقامەکەدا هەبووە، بۆیە سەرلەنوێ دیزاینی بۆ کراوەتەوە، گوتیشی: "مانگی شوباتی ئەمساڵ دەست بە یەکەم قۆناغی پرۆژەی 150 مەتری دەکرێت".

پرۆژەی شەقامی 150 مەتری لە شاری هەولێر لە 16/9/2018، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دانرا، کە درێژییەکەی 70 کیلۆمەترە، واتە 42 کیلۆمەتر لە شەقامی 120 مەتری درێژترە و هەروەها رێگەکە پێنج سایدە و هەر سایدێکیش 14 مەترە.












باسنيوز
Top