فۆرمێک بەسەر هەموو فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت

 فۆرمێک بەسەر هەموو فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت
بەپێی فۆڕمێک، کە دەستەی نەزاھەی ھەرێمی ئاراستەی گشت وەزارەت و فەرمانگە حکوومییەکانی کردووە، دەبێ ھەموو فەرمانبەران فۆڕمێک کە لە شێوەی بەڵێننامەیە پڕ بکەنەوە.



بەپێ ئەو فۆڕمە.، ئاماژە بەوە کراوە، دەبێت گشت فەرمانبەران پابەند بن بە رێنمایی رەفتاری پیشەیی و ھەڵسوکەوتی فەرمانبەران.



لە فۆڕمەکەدا بەڵێننامەیەک بە فەرمانبەران پڕ دەکرێتەوە، لەو بەڵێنامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە فەرمانبەرەکە بەڵێن دەدات پابەند بێت بە سەرجەم حوکم و بنەما رەوشتییەکانی فەرمانبەری لە کەرتی گشتی، کە لەو رێنماییەدا ئاماژەی پێ کراوە.



لە فۆڕمەکەدا زانیاری لەسەر فەرمانبەر و ناوی شوێنی کار و ساڵی لەدایکبوون و ناونیشانی فەرمانبەر و ساڵی دامەزراندن کراوە، ھاوکات دەبێت واژۆ بکات و پابەندبوونی خۆی دووپات کاتەوە.



دەستەی نەزاھە ئەوەی بە فەرمانگەکان راگەیاندووە، دەبێ تاوەکوو ٦ مانگی ئەمساڵ ئەو فۆڕمانە پڕ بکرێنەوە و بخرێنە دۆسێی ئەو فەرمانبەرانەی کە واژۆیان کردووە، پاش ئەوە دەستەی نەزاھە بەدواداچوون بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەو رێنماییە دەکات.



ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی نەزاھەی ھەرێمی کوردستان راگەیاند: «ئەو رێنماییە بۆ ھەڵسوکەوتی فەرمانبەرانە، لە زۆر وڵاتانی تریش ھەیە و لە رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیی گەندەڵی سەرچاوەی گرتووە و ئێمەش بەپێی یاسا ئەو کارەمان کردووە».



رێنماییەکە کۆمەڵێک پڕەنسیپی نموونەیی لەخۆ گرتوەوە بۆ ھەڵسوکەوتی فەرمانبەر لەگەڵ ھاووڵاتییان و سەرووی خۆی و ھاوپیشەکانی و ھەر فەرمانبەرێک دوای خوێندنەوەی رێنماییەکە، بەڵێننامەکە واژۆ دەکات.



دادوەر ئەحمەد ئەنوەر ئەوەشی خستە ڕوو، زیاتر لە ساڵێکە رێنماییەکە دەرچووە و لە وەقایعی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە: «یەکێک لە ئەرکەکانی دەستەی دەستپاکی، بڵاوکردنەوەی ئەو رێنماییەیە، بەڵام بە ھۆکاری تەکنیکی ئەو بابەتە دواکەوتووە و ئێستا نێردراوە و تاوەکوو ماوەیەکی دیاریکراو دەبێت فەرمانگەکان کارەکە جێبەحێ بکەن».



سەرۆکی دەستەی نەزاھە روونیشی کردەوە، ئەو بەڵێننامەیە دەچێتە دۆسێی کەسیی ھەموو فەرمانبەران و ئەگەر لەداھاتووشدا دامەزراندن دەست پێ بکاتەوە، دەبێتە مەرجێک بۆ دامەزراندن لەپاڵ بەڵگەنامەکانی تر.



باسنيوز
Top