پارتی: وەزارەتێکی دیکەی حکوومەتی عێراق بە مافی خۆمان دەزانین
مەیادە نەجاڕ، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، بەرنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هیچ تەوەرێکی لەبارەی تەواوکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی نییە.
جەختیشی لەوە کردەوە، لە ئیستیحقاقی پارتی دایە، وەزارەتێکی دیکەی حکوومەتی عێراق وەربگرێت، هەروەک لە ساڵانی پێشوودا هەرێمی کوردستان لە عێراق ٥ وەزارەتی هەبووە و ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێ وەزارەتێکی دیکەش وەربگرین.
ئەوەشی نەشاردەوە کە بەلای پارتییەوە گرنگە پشتگیری لە حکوومەتی عێراق بکرێت و ”پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بەرەو پێش ببەین و مافەکانی هەرێمی کوردستان کە خۆی لە مافی دارایی و ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و کێشەی پێشمەرگەدا دەبینێتەوە، لە پۆست و ئیستیحقاقی هەڵبژاردن گرنگترن“.
مەیادە نەجاڕ ئەوەشی وەبیر هێنایەوە کە پارتی بەردەوام لە پێناو پاراستنی شیرازەی هەرێمی کوردستان، سازشی لە مافەکانی خۆی بۆ لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام وەزارەتێکی دیکەی حکوومەتی عێراق بە مافی خۆی دەزانێت.
باسنیوز
