نێچیرڤان بارزانی، 90 ملیار دیناری بۆ شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەرخان كرد

نێچیرڤان بارزانی، 90 ملیار دیناری بۆ شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەرخان كرد
بە هۆی قەیرانی داراییەوە، كاركردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی ڕاوەستابوو، بەڵام سەرۆكوەزیرانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بڕیاری دووبارە كاركردنی لە پڕۆژەی 100 مەتریی سلێمانی دا و 90 ملیار دیناریشی بۆ تەرخان كرد.

زیاد كاكە ڕەزا، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە هۆی قەیرانی داراییەوە، كاركردن لە پڕۆژەی شەقامی سەدمەتریی سلێمانی ڕاوەستابوو، بەڵام لە ئێستادا خۆشبەختانە لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكوومەت، كاركردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری دەست پێدەكاتەوە، لە یەكەم گوژمەی پارەی تەرخانكراویشدا، 90 ملیار دینار خراوەتە سەر حیسابی وەزارەتی شارەوانی".

شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، كە بە چواردەورەی شاری سلێمانیدا دەسووڕێتەوە، لەگەڵ تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، قەرەباڵغییەكی زۆر لە شارەكە كەم دەبێتەوە.

كاكە ڕەزا گوتیشی: " 469 ملیار دینار بووجەی تەرخانكراوە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە و لە ئێستادا بە سوپاسەوە لە سولفەی یەكەمی پارەی تەرخانكراو بۆ دەستپێكردنەوە لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، 90 ملیار دینار دابین كراوە، كە بێگومان پڕۆژەكەیش، سیمایەكی جوان بە شاری سلێمانی دەدات و كارئاسانیی زۆر بۆ هاووڵاتیان دەكات".

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دەشڵێ: "وەك ئەنجوومەنی پارێزگا و بە تایبەت فڕاكسیۆنی پارتی، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كاركردن لە پڕۆژەكەدا، چاودێریی وردی هەنگاوەكانی كاركردن تێیدا دەكەین".
kdp-
Top