سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتووی چەند پرسێك دهكات.. رەنگە شاندی ھەرێم بێنەوە بەغدا
دوای پشووەكانی سەری ساڵ، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ دەبێتەوە و، تاوتووی چەند پرسێك دەكرێت، كە یەكێك لەوانە پڕۆژەیاسای بودجەیە كە لە كۆتایی مانگی ڕابروودا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا.
د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا بە شێوەیەكی فەرمی بەرنامەی سبەینیێ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان بە دەست نەگەییشتووە، بەڵام لە كۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەدا، یەكێك لەو پرسانەی كە باس دەكرێت، پرسی بودجەیە، چونكە یەكلا كردنەوەی ئەو پرسە بۆ ھەموو لایەك گرینگە، بە تایبەت بۆ خەڵكی كوردستان".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی ڕاشیگەیاند: "لەوانەیە چەند پرسێكی تریش لە كۆبوونەوەی سبەینێدا تاوتوو بكرێن، رەنگە شاندی حكوومەتی ھەرێمیش بێنەوە بەغدا و گفتوگۆ لەسەر پرسی بودجە بكەن".
سەبارەت بە پركردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكانیش، سەبری گوتی: "ھیوادارین لە كۆبوونەوەی داھاتوودا ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە، بەڵام تا ئەم ساتەیش روون نییە كە وەزارەتەكان پڕ دەكرێنەوە، ئەمەیش بە ھۆی ململانێ سیاسییەكانەوەیە كە تا ئێستا یەكلا نەكراونەتەوە".
kdp-
