لە ترسی هەڕەشەی داعش گوندێکی کوردنشینی دووبز چۆڵ کرا

 لە ترسی هەڕەشەی داعش گوندێکی کوردنشینی دووبز چۆڵ کرا
كوردانی دانیشتووی گوندێكی سەر بە شارۆچكەی دووبزی سەر بە پارێزگای كەركووك، بەهۆی هەڕەشەكردن لێیان لەلایەن داعشەوە، گوندەكەیان چۆڵ كرد.

عەبدوڵا مەجید، بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی شارۆچكەی دووبز، ئەمڕۆ دووشەممە 7/1/2019، ڕايگەیاند: "تیرۆریستانی داعش دانیشتوانی گوندی (تەقتەق)ی سەر بە دووبزیان ئاگادار كردەوە كە گوندەكەیان چۆڵ بكەن، ئیتر بەشێك لە ماڵەكان گوندەكەیان چۆڵ كردووە".

گوتیشی: "ئەو گوندە عەرەبیشی تێدا دەژیت و تەنانەت داعش ئەو عەرەبانەشی ئاگادار كردووەتەوە كە گوندەكە چۆڵ بكەن".

ئەو گوندە لە بنەڕەتدا گوندێكی كوردنشینە، بەڵام ژمارەیەك خێزانی عەرەبیش لەو گوندەدا دەژین، ئێستاش بەهۆی هەڕەشەكانی داعشەوە كوردەكانی ئەو گوندە چۆڵیان كردووە و ئاوارەی سەنتەری شارۆچكەی دووبز بوونە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، مەترسی داعش لەسەر گوندە كوردنشینەكانی دیكەی دووبز دروست بووە.

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، شارۆچكەی دووبزیان بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار داگیر كرد و لەو كاتەوە دۆخی سنوورەكە نالەبارە.










باسنيوز
Top