بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لیژنەیەکی ھاوبەش پێک دێت

 بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لیژنەیەکی ھاوبەش پێک دێت
ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارە لیژنەیەک لە نێوان ھەرێم و بەغدا پێک بێت و کاری ئەو لیژنەیە چارەکردنی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا دەبێت، لەساڵی ٢٠٠٤وە تا ئێستا و بڕیارە ھەر سبەی لیژنەی دارایی بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بوودجە کۆ ببێتەوە."

ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، د. ئەحمەد سەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە سبەی بگەڕێینەوە بۆ بەغدا و لیژنەی داراییش لەبارەی بوودجە کۆ دەبێتەوە و تێیدا تاوتوێی پڕۆژەیاسای بوودجە دەکات."

د. ئەحمەد سەفار گوتیشی: "پێشنیار کراوە لیژنەیەک دروست بکرێت لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، لەوانە پرسی نەوت و بوودجەی سیادی و کێشەکانی نێوان ھەردوولا لە ساڵی ٢٠٠٤وە تاوەکو ئێستا، چونکە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە پێویستی بە پێکھێنانی ئەو لیژنەیە ھەیە."

سەفار باسی لەوەش کرد: "لەبەر ئەوەی بوودجە تا ئێستا پەسەند نەکراوە، بڕیارە لەم مانگەوە یەک لەسەر ١٢ی بوودجەی ساڵی ڕابردوو خەرج بکرێت، هەڵبەت لە بوودجەی بەکارھێنان، نەک وەبەرھێنان و، پشکی ھەرێمی کوردستانیش بە پێی ڕێککەوتن ڕەوانە دەکرێت."
kdp-
Top