چوار کۆڵبەری دیکە لە سنوورەکانی ورمێ بوونە قوربانی

  چوار کۆڵبەری دیکە لە سنوورەکانی ورمێ بوونە قوربانی
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کۆڵبەری دیکە لە سنوورەکانی پارێزگای ورمێ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار بوون و هاوکات شەوی رابردوو کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی "یووسف محەمەدی ئەسڵ" خەڵکی پیرانشار لە سنووری کانی‌خودا لەناو بەفر و سەرما ڕەق هەڵاتووە.



بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە 2019.1.5 هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە بنکەی سەربازیی "بەردووک"ی ناوچەی سۆمای ورمێ، تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٤ ساڵ بەناوی "نحۆ عیبادی" کوڕی ئیسماعیل بریندار بووە.



هێزەکانی جێگری لەو بنکەیە ڕۆژی پێنجشەممە کۆڵبەرێکی دیکەیان بە ناوی "یەعقووب نیک سیرەت" کوشتبوو.



لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو 2019.1.4 کۆڵبەرێکی خەلکی پیرانشار بە ناوی “ئومید ئیراندووست" لە سنووری "کانی‌خودا"ی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار بووە.



هاوکات لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆڵبەریی خەڵکی سەردەشت لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بووە.



ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە "ئەحمەد عەزیزی“ کوڕی نوورەدین و تەمەن ٢٩ ساڵ ڕاگەیەندراوە.




باسنیوز
Top