رێباز حەملان: پێویستە هەرچی زووە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم پێکبهێندرێت

رێباز حەملان: پێویستە هەرچی زووە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم پێکبهێندرێت
وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، پێشبینییە ئابوورییەکان بۆ حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان گەشبینانەیە و ئێستا دۆخی دارایی باشتر بووە، بۆیە داوای کرد لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا پەلە بکرێت.



رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکیدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، بناغەی بەرەو پێشچوونی ئابووری و باشبوونی دۆخی دارایی لە ھەموو وڵات و حوکمڕانییەک، بریتییە لە ئارامی و بوونی ئاسایش و نەبوونی شەڕ و ئاڵۆزی، دواتر ڕێکخستنی داھات و خەرجی و برەودانی وەبەرھێنان و زیادکردنی سەرچاوەکانی داھات.



جەختیشی کردووەتەوە، لە ھەرێمی کوردستاندا بەھۆی سیاسەتی ئابووری و بەھێزیی پێگەی ھەرێم لە ناوچەکە، رەوشی دارایی بە بەراورد بە ساڵانی شەڕی داعش و نەناردنی بودجە لە لایەن بەغداوە، بەرەو پێشتر چووە و ھەموو پێشبینییەکانیش بۆ حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان لەرووی ئابوورییەوە گەشبینانەیە، بۆیە ”پێکھێنانی کابینەی نوێ بە زووترین کات، ئەرکی سەر شانی ھەموو ئەو ھێز و لایەنانەیە کە دەیانەوێت بەشداریی حکوومەت بکەن“.



رێباز حەملان هیوای خواستووە، هەردوو هێزی سیاسی، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە زووترین کات دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە ”پشکی شێری بەرپرسیارێتییان بەردەکەوێت، پاشان بزووتنەوەی گۆڕان و ھێزە سیاسییەکانیتر کە دەبێت کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و ھاوکات بە چاکبوونی دۆخی دارایی، پاداشتی هاونیشتمانییانیی ھەرێمی کوردستان بدەنەوە کە دوای شەڕی داعش و ھاتنی ئاوارە و بڕینی بودجە لە لایەن بەغداوە، ئارامیان گرت بەرامبەر قەیرانی دارایی و پاشەکەوتی مووچە“.



لە کۆتاییشدا ڕێباز حەملان نووسیویەتی: ”میللەتەکەمان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا جارێکی تر دەنگ و باوەری خۆی دایەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستان و کردییەوە ھێزی یەکەم بە زیادبوونێکی بەرچاوی کورسییەکانیان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە ھێزی سێیەمەوە بووەوە بە ھێزی دووەم کە ئەمە چانسێکی گەورەیە و پێویستە بە خزمەتکردنی زیاتر و چاکبوونی دۆخی دارایی و بازاڕ و ژیانی ھاونیشتمانییان وەڵام بدرێنەوە و دەرفەت نەدرێت لە ناوخۆ و دەرەوە درز بخرێتە نێوان ئەم ھێزە سەرەکییانە و لە پێناو ھەرێمی کوردستان و خەڵک و خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی ھێزی پێشمەرگە، ئومێد دەکەم ھەواڵەکانی ساڵانی نەوەدەکان نەدەینەوە بە گوێی لاوانی تازە پێگەیشتوو و دڵی نەیار و دوژمنان خۆش نەکەین“.



باسنیوز
Top