ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراقه و هەرێمی کوردستانیش پشووی رۆژی سوپا هەڵدەوەشێنێتەوە

 ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراقه و  هەرێمی کوردستانیش پشووی رۆژی سوپا هەڵدەوەشێنێتەوە
ئەمڕۆ 6ـی کانوونی دووەمی 2019، 98ـەم ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراقە، کە لەسەرەتای دروستبوونییەوە دژایەتیی گەلی کوردستانی کردووە.



رۆژی 6-1-1921، 10 ئەفسەری پێشووی سوپای عوسمانی، کە دواتر دژی عوسمانییەکان بوونە فەرماندەی شۆڕشی عەرەبی 1916 بە سەرۆکایەتیی شازادە فەیسەڵ بن حوسێن، بناغەی دروستکردنی سوپای عێراقییان دانا.



سوپای عێراق پێنج بەشی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، کە بریتین لە هێزی زەمینی، هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی، فڕۆکەوانیی سوپا و بەرگریی ئاسمانی و بەم دواییانەش میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە زیاتر لە 60 میلیشیای شیعەمەزهەبی تائیفین، خرانە سەر سوپا.



ئەو سوپایە بەردەوام دەستی لە کاروباری سیاسەت وەرداوە و چەند جارێکیش کودەتای پێ ئەنجام دراوە، کە دیارترینیان بریتین لە کودەتای جەنەڕال عەبدولکەریم قاسم و رووخاندنی رژێمی پاشایەتی و دامەزراندنی کۆماری عێراقی لێکەوتەوە.



کودەتای بەعسییەکان لە ساڵی 1968، یەکێکی دیکە لە کودەتاکانی سوپای عێراق، کە بووە هۆی باڵادەستبوونی حزبی بەعسی عێراق و دەستبەسەرداگرتنی حوکم لەلایەن ئەو حزبەوە. حزبی بەعس بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە حوکمی عێراقی کرد و سوپای وڵاتەکەی لە دژی گەلی کوردستان بەکار هێنا.



سوپای عێراق لە مانگی 6ـی 2014، تووشی گەورەترین داڕمان و هەرەس بوو، لەو کاتەی نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لەماوەی چەند رۆژێکدا، نزیکەی نیوەی خاکی عێراقیان داگیر کرد.



بەهۆی هێرشی داعشەوە، هەموو فەرماندە و سەربازەکانی سوپای عێراق لە پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار چەک و جلە سەربازییەکانیان فڕێ دا.



سوپای عێراق بەردەوام و بە درێژایی مێژووی خۆی، ئامرازێک بووە بەدەست حکوومەتەکانی عێراق بۆ سەرکوتکردنی گەلی کوردستان و شۆڕشەکانی و هەزاران تاوانی لە دژی ئەو گەلە ئەنجام داوە.



دیارترین ئەو تاوانانەی سوپای عێراق لە سێ دەیەی کۆتایی سەدەی بیست دژی گەلی کوردستان ئەنجامی دا:



- ئەنفالکردن و بە زیندوویی ژێرخاککردنی 182 هەزار هاووڵاتیی کورد.



- کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و ناوچەکانی گەرمیان و بالیسان و شێخ وەسانان و بادینان.



- ئەنفالکردنی پێنج هەزار هاووڵاتیی بارزانی.



- سووتاندن و وێرانکردنی زیاتر لە چوار هەزار و 500 گوندی کوردستان.



رۆژی دامەزراندنی سوپای عێراق لە هەموو ناوچەکانی ئەو وڵاتە بە هەرێمی کوردستانیشەوە پشووی فەرمییە، بەڵام بۆ ئەمساڵ (2019)، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پشووەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، نەهێشت.





باسنیوز
Top