یووسف كەننا: لە ١٠ھەزار خێزانی مەسیحی، ٤٠خێزان گەڕاونەتەوە

	 یووسف كەننا: لە ١٠ھەزار خێزانی مەسیحی، ٤٠خێزان گەڕاونەتەوە
نوێنەرێكی مەسیحییەكان لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی، لە مووسڵ دۆخی ئەمنی باش نییە و پارە لە خەڵك وەردەگیرێت و پێكەوەژیان نییە، بۆیە مەسیحیەكان لە مووسڵ لە كۆی ١٠ھەزار خێزان، تەنھا ٤٠ خێزان گەڕاونەتەوە و لە دەشتی نەینەوایش تا ئێستا خەڵكی تلكێف و باتنایێ نەگەڕاونەتەوە.

یونادم یووسف كەننا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تاوەكو ئێستا ئاوارەكانی مەسیحی لە تلكێف و باتنایێ نەگەڕاونەتەوە، چونكە بە ھۆی كێشەی سیاسی و بوونی حەشدی شەعبییەوە، خەڵك ناتوانن بگەڕێنەوە، لەناو مووسڵیش لە كۆی ١٠ھەزار خێزانی مەسیحی، تەنیا ٤٠خێزان گەڕاونەتەوە، ھۆكارەكەیشی ئەوەیە كە سەرەڕای وێرانبوونی ماڵەكانیان، دۆخی ئەمنییش پارێزراو نییە، بۆیە ئاوارە مەسیحییەكان ناگەڕێنەوە".

كەننا گوتیشی: "خەڵكی ئێمە لەو خەڵكەی لە مووسڵیش ھەیە دڵنیا نییە، چونكە پێشتر لەگەڵ داعش بوونە و ئێستایش گومانیان لێ دەكرێت، بۆیە كە لە ژیانی خۆیان دڵنیا نەبن، ناتوانن بگەڕێنەوە، چونكە پێكەوەژیان لەو ناوچانەدا نەماوە".

دەشڵێ، لە مووسڵ تا ئێستایش یاسا نییە، دۆخی ئەمنییش باش نییە و وەك سەردەمی بەعسیش پارە لە خەڵك وەردەگیرێت، بۆیە خەڵكی ئێمە بەو شێوەیە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شاری خۆیان كە یاسا لێی سەروەر نییە.


kdp -
Top