جوان: بە واژۆی تاڵەبانی مووچە خەرج كرا.. ئەوانەی واژۆیان كردووە پەشیمان بوونەتەوە
جوان حەسەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حەفتەی ڕابردوو لیستی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ لیستی عەرەبی و توركمانی ئەنجام دا، كە توركمانیش تەنیا چوار ئەندامی ئامادە بوون تێیدا واژۆیان كۆ كردەوە بۆ ئەوەی سەرۆكی ئەنجوومەن لابدەن و كەسێكی ئەوان ببێتە سەرۆكی ئەنجوومەن، بەڵام پێویستە نیسابی یاسایی تەواو بكەن و لە كۆی ٤١ئەندام، پێویستە ٢١ئەندام ئامادە بن، بۆیە پێویستە نۆ ئەندامی توركمانی و شەش ئەندامی عەرەبی و شەش ئەندامی یەكێتییش ئامادە بن تاوەكو نیسابی یاسایی تەواو بێت و بتوانن كۆبوونەوە ئەنجام بدەن، چونكە ئەندامانی پارتی و یەكگرتوو و بێلایەنەكان ئامادە نین بەشداری بكەن، بۆیە قورسە نیسابی یاسایی تەواو بێت، لەبەر ئەوەی ھەر لە ئێستاوە ئەندامێكی عەرەب لە واژۆكەی پەشیمان بووەتەوە و توركمانیش ھەمووی ئامادە نین، بەمەیش نیسابی یاسایی تێك چووە".
حەسەن گوتیشی: "ھەر لەئێستاوە ھەوڵی لابدرنی سەرۆكی ئەنجوومەن و تەواوكردنی نیسابی یاسایی كۆبوونەوەی ئەنجوومەن، شكستی بردووە، لەبەر ئەوەی عەرەب و توركمان كۆبوونەوە لەگەڵ ئەوان ناكەن بۆ ئەوەی دەستەڵاتیان كەم ببێتەوە، بۆیە بەرژەوەندیی خۆیان بۆ كەس تێك نادەن".
دەشڵێ: "ئێمە داوامان كردووە كە ئەگەر ناتواندرێت نیسابی یاسایی ئەندامان تەواو بێت، با كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری ئەنجام بدرێت و سەبارەت بە كێشەكانی كەركووك قسە بكەین، بەڵام توركمان و عەرەب ئامادە نین بێنە ئەو جۆرە كۆبوونەوە راوێژكاریانە، جا چۆن ئامادە دەبن دەستەڵاتیان كەم ببێتەوە، بۆیە زۆر ئەستەمە ئەو كارە بكرێت".
ئەو هەروەها ئاماژەیشی دا: "دوای بڕیاری دەستگیركردنی رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ھەر رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، بە واژۆی تاڵەبانی مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەنی قەزا و فەرمانبەرانی داقووق خەرج كراوە، بۆیە بڕیاری دەستگیركردنی شكستی بردووە و تا ئێستا واژۆی ئەو كاری پێ دەكرێت و سەرۆكی ئەنجوومەنە".
kdp -
