گەشتیاران: چاوەڕوانی بارینی بەفر بووین.. كوردستان زۆر خۆشە

	 گەشتیاران: چاوەڕوانی بارینی بەفر بووین.. كوردستان زۆر خۆشە
پاش ئەوەی شەپۆلێكی بەفربارین هەرێمی كوردستانی گرتەوە، گەشتیاران لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بە لێشاو روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و، دڵخۆشیی خۆیان بە بارینی بەفر و سرووشتی كوردستان دەردەبڕن.

كەلسووم محەممەد، گەشتیارێكی ناوەڕاستی عێراقە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لەگەڵ كەسوكاری خۆمان هاتوووینەتە كوردستان، هاتنی ئێمەیش بۆ ناو بەفر بووە، رۆژێكی زۆر خۆشە و وێنەی زۆرمان گرت، سرووشتی كوردستان زۆر خۆشە و پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانیش لە ئەركدان و پاراستنی ئەمنییەتی ئێمە لە ئەستۆ دەگرن".

یوونس نەشئەت، گەشتیارێكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "هاتووین بۆ كوردستان بگەڕێین، خواردنە كوردەوارییەكان لەناو بەفر زۆر خۆشن، هیوادارین كوردستان هەر وا خۆش و ئاوەدان بێت".

عەلی نووری، كە گەشتیارێكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونی كردەوە: "هەموو ساڵێك وەرزی زستان و هاوینان ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستان دەكەین، لەمێژە ئێمە چاوەڕوانی ڕۆژێكی وا دەكەین كە بەفر لە ناوچەكانی كوردستان ببارێت، بۆ ئەوەی روو بكەینە شوێنە گەشتیارییەكان و كاتێكی خۆش بەسەر ببەین".

مریەم عەللاوی، كە ئەویش گەشتیارێكی دیكەی خەڵكی بەسڕایە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بارینی بەفر بووەتە هۆی ڕاكێشانی گەشتیاران، ئێمە لە بەسڕاوە هاتووین و كوردستان زۆر خۆشە، زۆر خۆشحاڵین بە دیمەنی دڵگیرەكانی كوردستان، هەرێمی كوردستان ئارامە و پارێزراوە و هەر ئاوەدان بێت، داوا دەكەین فێستیڤاڵی خلیسكانی سەر بەفر بكرێت، بۆ ئەوەی خۆشییەكانمان زیاتر بن".
kdp -
Top