سیروان محەممەد: ڕێگریی سیاسی لە بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیدا هەیە

	 سیروان محەممەد: ڕێگریی سیاسی لە بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیدا هەیە
دوای ئەوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوی كردەوە كە لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ـدا سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق بەڕێوە دەچێت، سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان، رەتی كردەوە كە ئەمە بڕیاری فەرمیی بێت و دەڵێت، رێگریی سیاسی ھەیە لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە و ھەرێم و بەغدا نەگەییشتوونەتە رێككەوتن.

سیروان محەممەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "ھەرێمی كوردستان لە سەدا سەد لەگەڵ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراقە، بەڵام ھێشتا بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق نەدراوە، ئەوەشی كە لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاو كراوەتەوە گوایە عێراق رەزامەندیی پێشان داوە بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٠، ئەوە تەنیا رەزامەندیی زارەكییە و دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق لەو بارەیەوە داوایەكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كردووە و ئەوانیش رەزامەندییان پێشان داوە، بەڵام ھێشتا زۆری ماوە تا بڕیاری لەسەر بدرێت".

سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئێمە لە مانگی رابردوودا دواكۆبوونەوەمان لەگەڵ بەغدا ئەنجام دا و زۆربەی نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و نەتەوەیەكگرتووەكانیش تێیدا بەشدار بوون، لە كۆبوونەوەكەدا بۆچوونی ھەرێمی كوردستانمان پێ ڕاگەیاندن كە ئێمە ھەر لە سەرەتاوە لەگەڵ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانین، چونكە پڕۆسەكە پێویست بوو چەندین ساڵ بەر لە ئێستا بەڕێوە بچێت و زۆریش لە وادەی خۆی دوا كەوتووە".

محەممەد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە كۆبوونەوەی مانگی رابردوودا، وەزیری پلاندانانی ھەرێمی كوردستان بە ڕاشكاوی لەگەڵ بەغدا باسی ئەوەی كردووە، كە دەبێت ھۆیەكانی ئەنجامنەدانی سەرژمێری لە ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ لاببرێن، تا نەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم پڕۆسەكەدا، چونكە رێگریی سیاسی ھەیە و تا ئەو رێگرییە ھەبێت، زەحمەتە پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت".

دەشڵێ: "ساڵی رابردوو لە وڵاتی لوبنان دوو كۆبوونەوەی راوێژكاریی پەیوەست بە ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی بە شێوەیەكی سەردەمیانە بەڕێوە چوونە و، لە ھەردوو كۆبوونەوەكەدا ھەرێمی كوردستان ئامادە بووە، چونكە چەندین پسپۆڕی بواری ئامار و وڵاتانی جیھان تێیدا بەشدار بوونە، بەڵام بەداخەوە ساڵانە پارەیەكی زۆر بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری خەرج دەكرێت و پڕۆسەكەیش بەڕێوە ناچێت".


kdp -
Top