سەرکردەیەکی رۆژئاوای کوردستان: خەڵکی کوردستان دەبنە قوربانیی سیاسەتەکانی پەکەکە و پەیەدە“

 سەرکردەیەکی رۆژئاوای کوردستان: خەڵکی کوردستان دەبنە قوربانیی سیاسەتەکانی پەکەکە و پەیەدە“
سەرکردەیەکی رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیەنێت، تورکیا بەهۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەوە هەڕەشە لەو بەشەی کوردستان دەکات.



نەواف حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رایگەیاندووە، مەترسییەکی جددی لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەیە و ئەنەکەسە لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان نەبنە قوربانیی سیاسەتەکانی پەکەکە و پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە).



نەواف حەسەن هەروەها رایگەیاند، کە لە چەند رۆژی رابردوودا، دوو شاندی ئەنەکەسە سەردانی رووسیا و سعودیەیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی رۆژئاوای کوردستان و رێگریکردن لەوەی هاووڵاتییان بببنە قوربانی.



ئەو سەرکردەیەی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوەش کرد، کە تورکیا لە ھەڕەشەکانی زۆر جددیە و تا ئەوکاتەی هەر شوێنەوارێکی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان بمینێت، تورکیا سوورە لەسەر ھێرشکردن، بۆیە پێویستە پەیەدە خۆی بکاتە حزبێکی خۆماڵیی ڕۆژئاوای کوردستان و لە پەکەکە جیا بێتەوە و لەگەڵ حزبە کوردییەکانی وەکو ئەنەکەسە بگاتە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قەناعەت بە تورکیا بکات ھێرش نەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان.



نەواف حەسەن، کە لێدوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە، بەپێویستی زانی هەموو لایەنەکان گوشار بخەنە سەر پەیەدە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە کار و هەڵوێستەکانیدا بکات و چتیر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان نەکاتە قوربانیی سیاسەتی ھەڵەی خۆی.




باسنیوز
Top