چاودێران: پارتی دەستپێشخەرییەكی باشی كردووە.. دەبێ پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەت

	 چاودێران: پارتی دەستپێشخەرییەكی باشی كردووە.. دەبێ پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەت
چاودێرانی سیاسی و مامۆستایانی زانكۆ، باس لە هەڵوێستی پارتی دەكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و باوەڕیان وایە، دەبێ پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەت و سەرجەم هەوڵەكانیش لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بن.

فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، دەبێ پەلە بكرێت لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەت و، پشتیوانییش لە شاندی دانوستانكاری پارتی دەكەن بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان.

دوای هەڵوێستی فڕاكسیۆنی پارتی، پشتیوانییەكی زۆر لەناو خەڵك لەو بارەیەوە دروست بووە، د. دیندار نەجمان دۆسكی، شرۆڤەكاری سیاسی و ئەندامی پێشووی شوورای یەكگرتووی ئیسلامی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "پارتی دەستپێشخەرییەكی باشی كردووە و خەڵك چاوی لەوەیە حكوومەتی داهاتوو بەسەر قەیرانەكاندا سەركەوێت، بۆیە گرینگە هەرچی زووترە كار بكرێت بۆ خێرا پێكهێنانی حكوومەت، خەڵكیش بۆیە دەنگی داوە كە سوودمەند بێت لە بەرهەمی دەنگدانی و ناكرێت ئەو پرسە دوا بكەوێت".

دۆسكی، گوتیشی: "داواكارم برایانی پارتی كە براوەی سەرەكیی كوردستانن، بە خێرایی دەست بكەنەوە بە دانوستان لەگەڵ حزبەكان و پرسی پێكهێنانی حكوومەت یەكلا بكەنەوە، بۆ یەكێتییش گرینگە بە جیددی بێتە پێشەوە و نایشكرێت پرسی كەركووك وەك كارتی گوشار بەكار بهێنرێت، چونكە پرسی هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەگەڵ پرسی كەركووكدا، دوو شتی جیاوازن و ناكرێت وەرەقەكان تێكەڵی یەكتری بكرێن".
KDP-
Top