وەزارەتی ناوخۆ: بڕیار دراوە.. ناكرێت پاڵاوگە نایاساییەكان لە ھەرێم ھەبن

وەزارەتی ناوخۆ: بڕیار دراوە.. ناكرێت پاڵاوگە نایاساییەكان لە ھەرێم ھەبن
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی دەست بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بكەن، چاوەڕێی ئەو مۆڵەتە دەكەن كە بە پاڵاوگەكانیان داوە و ھەر كاتێك ھەر پاڵاوگەیەك مۆڵەتی تەواو بوو و دانەخرا، رێكاری یاسایی بەرانبەر دەگرنە بەر.

د. سامی جەلال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیار دراوە سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكانی ھەرێمی كوردستان دابخرێن و، مۆڵەتی دوو مانگیش دراوە بە پاڵاوگەكان بۆ ئەوەی خۆیان دایبخەن، لە ئێستایشدا چاوەڕێی كۆتاییھاتنی مۆڵەتەكە دەكەین بۆ ئەوەی دەست بە داخستنی پاڵاوگەكان بكەین".

د. سامی گوتیشی: "لە ماوەی ڕابردوودا مۆڵەت بەو كۆمپانیایانە دراوە و زۆری نەماوە تەواو بێت، ھەر كاتێكیش مۆڵەتەكە تەواو بوو و دایاننەخست، ئەوكات رێكاری یاسایی دەگرینە بەر و دەست بە داخستنی پاڵاوگەكان دەكەین، چونكە بڕیاری لێ دراوە و ناكرێت بە ھیچ شێوەیەك ئەو پاڵاوگانە لە ھەرێمی كوردستاندا ھەبن".

بەپێی ئامارێك، لە ھەرێمی كوردستاندا نزیكەی ٢٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی ھەن، ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیاری داوە كە سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكان دابخرێن.

kdp-
Top