عەلی قادر: چەند رۆژی دابێ بایۆمەتریی دەنگدەران دەست پێدەكاتەوە
پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران، ساڵی رابردوو دەستی پێكرد و رێژەی بەشداری لە ھەرێمی كوردستاندا بەرز بوو، بەڵام گەڕێكی دیكەی پڕۆسەكە ماوە. لەوبارەیەوە، عەلی قادر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق لە ھەولێر ڕایگەیاند، لە ئێستادا كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق لە زۆربەی پارێزگان ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران دەكات، ئەوەش دوای بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن".
بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە چەند رۆژی دابێ، پڕۆسەی بایۆمەتری لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەست پێدەكات و ژمارەیەك بنكە بە ڕووی دەنگدەراندا دەكرێنەوە، تا بتوانن خۆیانی لێ تۆمار بكەن و بەشداریی ئەو پڕۆسە گرینگە بكەن".
لەبارەی ئەو كەسانەی بایۆمەتری دەیانگرێتەوە، قادر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پڕۆسەكە ئەمجارە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە پێشتر بەشدارییان نەكردبوو، ھەروەھا ئەو دەنگدەرانەیش كە بەشدارییان كردووە و كارتی كۆمسیۆنیان ون كردووە، لەگەڵ ئەوانەیش كە تەمەنیان ئێستا لە ڕووی یاساییەوە گونجاوە بۆ دەنگدان، ھەر دەنگدەرێكیش ئەمجارە بەشداری نەكات، ھەر ھەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت، مافی دەنگدانی نابێت".
kdp-
