تا ئێستا تەنیا ھەشت كڵێسای خاپووركراوی سەردەمی داعش نۆژەن كراونەتەوە

 تا ئێستا تەنیا ھەشت كڵێسای خاپووركراوی سەردەمی داعش نۆژەن كراونەتەوە
بە ھۆی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا، زۆربەی شوێنە ئایینییەكانی ناوچەكە خاپوور كراون، بە ھۆی پڕۆسەی داگیركارییشەوە، تەنیا شوێنە پیرۆزەكانی شیعەكان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نۆژەن كراونەتەوە، بەرپرسێكی كریستیانیش دەڵێ، لە ھەموو پارێزگای نەینەوا، تەنیا ھەشت كڵێسا نۆژەن كراونەتەوە.

مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لە سەردەمی دەستەڵاتی داعش لە نەینەوا، نزیكەی سەد شوێنی ئایینی و پەرستگا خاپوور كراون و زیانیان بەركەوتووە، بەڵام بە ھۆی ئەو پڕۆسە داگیركارییەی ھەیە، نەتوانراوە وەك پێویست ئەو شوێنانە نۆژەن بكرێنەوە، كە شوێنە پیرۆزەكان ھیی پێكھاتەی ناوچەكەن وەك كوردی ئێزدی و كریستیان و كاكەیی".

لای خۆشیەوە، خالید ئەلبێرت، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كریستیانەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەناو سەنتەری شاری مووسڵ و دەوروبەریدا، ٣٨ كڵێسا لەسەردەمی تیرۆریستانی داعش خاپوور كراون، تا ئێستا بە ھاوكاریی خۆمان وەك كڵێسا و كریستیانەكان، تەنیا ھەشت لەو كڵێسایانە نۆژەن كراونەتەوە، بەڵام ٣٠ كڵێسا ماون و ھەندێكیان بە تەواوی خاپوور بوونە و پێویستیان بەوەیە سەرلەنوێ دروست بكرێنەوە".

نەقشبەندی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "حكوومەتی عێراق ھیچ بودجەیەكی دیاریكراوی بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنە ئایینیانە دابین نەكردووە، تەنیا ژمارەیەك شوێنی پیرۆزی شیعە نۆژەن كراونەتەوە، ھەرچی پەیوەستە بە ئێزدی و سوننە و كریستیان و كاكەیییەكان، بەغدا پارەیان بۆ خەرج ناكات".
kdp-
Top