وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: ٩٥ پڕۆژەی دیکەمان داوەتە پلاندانان
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەیان پڕۆژەی لە ھەردوو کەرتی نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوەدا بۆ ئەمساڵ ئامادە کردووە. لەوبارەیەەوە، زانا عوزێری، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاشکرای کرد: "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ ئەمساڵ، ٢٠١٩، لیستی پڕۆژەکانی پێشکەش بە وەزارەتی پلاندانان کردووە کە خۆی لە ٩٥ پڕۆژەدا دەبینێتەوە، ھەرکاتێک ڕەزامەندییان لەسەر درا، ئەوە بەپێی توانا و ھەبوونی پارەی پێویست، دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "ئێستا ژمارەیەک پڕۆژە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن، لەوانەش ژمارەیەک لەو پڕۆژانە لە سنووری پارێزگای سلێمانین کە ھەشت پڕۆژەیە و نۆ پڕۆژە لە دھۆک و چوار پڕۆژەی دیکەش لە سنووری پارێزگای ھەولێرن، ئەوانەیشی بە ھۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوون بەشێکیان کاریان تێدا دەکرێت و ئەوانەی ماویشن چاوەڕێی بوودجە دەکەین تا ئەوانیش دەست بەکار ببنەوە."
لەبارەی کردنەوەی تۆنێلی پیرمام، زانا عوزێر دەڵێت: "پڕۆژەی تۆنێلی پیرمام یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەت و کۆتایی ھاتووە، بەڵام تەنیا سیستەمی ھەواگۆڕکێی پێویستە، تیمی وەزارەت سەردانی تورکیای کردووە بۆ ئەوەی بە سیستەمێکی پێشکەوتوو ھەواگۆڕکێی بۆ دابین بکرێت، ھەر ئەوە ماوە جیھازەکان بگەن و جێگیر بکرێن، تۆنێلی پیرمام بە ڕووی ھاووڵاتیاندا دەکرێتەوە."
kdp-
