کاتی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی دیاری کرا

کاتی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی دیاری کرا
بڕیارە لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٠ پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق بەڕێوە بچێت و بەرپرسێکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، بەغدا ھەموو جارێک ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی دەکات و دواتر خۆی بیانوو دەبینێتەوە بۆ دواخستنی.

ئەمڕۆ، چوارشەممە، نووسینگەی نووری دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد: "وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق دەکات، کە بڕیارە لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجام بدرێت، ھەموو توانایەکیش خراوەتە گەڕ بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە."

مەحموود عوسمان، ئەندامی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٤ بەدواوە لەسەر خەتە بۆ ئەوەی سەرژمێریی گشتی بەڕێوە بچێت، چونکە ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان پێمان وایە ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان دەبێتە ھۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی زۆر پرس، تەنانەت کاریگەریی لەسەر پلانەکانمان بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت، دینارێک لە کوێ بەدەست حکوومەتی ھەرێم بکەوێت دەتوانێ لە شوێنی خۆی خەرجی بکات، ئەگەر سەرژمێری ھەبێت بەرچاوڕوونی دەبێت."

ئەو بەرپرسەی ئاماری ھەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە بەردەوام حکوومەتی عێراق ھەوڵ دەدات بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری و دواتر خۆی لە پڕۆسەکە دەدزێتەوە، ئەمەش جێگەی داخە بۆ ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان پڕۆسەکە دوا بخرێت."

مەحموود عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەمساڵیش لە نێو پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا پارە بۆ سەرژمێریی گشتی تەرخان کراوە، ئەگەر سیاسییەکانی عێراق و ڕەوشی ناوچەکە ڕێگر نەبن لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ئامادەین بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسە گرنگە، بەڵام کێشە لەوەدایە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، دەبێ بە پێی پێوەری نێودەوڵەتی سەرژمێری بەڕێوە بچێت، ئێستا پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی عێراقی ئاوارەن، ڕەوشی ناوچەکە و سووریا لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە، ئەوان دەتوانن بیانوو ببیننەوە بۆ دواخستنی سەرژمێری، بۆ ئێمە گرنگە سەرژمێری بکرێت، چونکە لە ھەموو سەرژمێرییەکانی ڕابردوودا غەدر لە کورد کراوە."
kdp-
Top